حكومەتی هەرێم: مۆڵەت بە 206 پڕۆژەی بواری وەبەرهێنان دراوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، لە ماوەی سێ ساڵدا مۆڵەت بە 206 پڕۆژەی وەبەرهێنان بە سەرمایەی زیاتر لە 11 ملیار دۆلار لەسەر ڕووبەری 10 هەزار دۆنم زەوی لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دراون.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، زۆرترین پڕۆژە لە پارێزگای هەولێر بووە كە 88 پڕۆژەیە بە سەرمایەی 8 ملیار و 911 ملیۆن و 758 هەزار و 113 دۆلار و پرۆژەكانیش لەسەر ڕووبەڕی چوار هەزار و 864 دۆنم ئەنجامدراون.

پرۆژەكانی ساڵی 2019 :-

ساڵی 2019 سەرەتای دەستپێكی كابینەی نۆیەم بوو، 64 پڕۆژە مۆڵەتیان پێدراوە بە سەرمایەی دوو ملیار و 706 ملیۆن و ٤١٢ هەزار و ٢٦٤ دۆلار، كە سەرجەمیان لە لایەن وەبەرهێنەرانی ناوخۆییەوە ئەنجامدراون.

پرۆژەكانی ساڵی 2020 :-

ساڵی 2020 كە تێیدا پەتای كۆرۆنا سەرجەم جیهانی گرتەوە و هەرێمی كوردستانیش لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی بەدەرنەبووە، بەڵام لەو ساڵەدا 76 پڕۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە، كە لە كۆی ئەو ژمارەیە تەنها دوو پڕۆژە بە هاوبەشی لە نێوان وەبەرهێنەرانی خۆماڵی و بیانی ئەنجامدراون و 74 پڕۆژەكەی دیكە لەلایەن وەبەرهێنەرانی ناوخۆییەوە ئەنجامدراون، كە كۆی گشتی پڕۆژەكانیش بە سەرمایەی یەك ملیار و 979 ملیۆن و 524 هەزار و 500 دۆلار بووە.

پرۆژەكانی ساڵی 2021:-

ساڵی 2021 پڕۆژەكان بەردەوامبوون تێیدا 70 پڕۆژەی جۆراوجۆر بە سەرمایەی هەشت ملیار و 515 ملیۆن و 645 هەزار و 864 دۆلار مۆڵەتیان وەرگرتووە،‌ لە كۆی ئەو ژمارەیە تەنها یەك پڕۆژە لە ڕێگای وەبەرهێنەری بیانی بووە و یەك پڕۆژەش بە هاوبەشی بووە و 68پڕۆژەكەی دیكە لە لایەن وەبەرهێنەری خۆماڵییەوە جێبەجێكراون بووە.‌

پرۆژەكانی ساڵی 2022:-

لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2022دا، حكومەتی هەرێم بەردەوامبووە لە پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، بە شێوەیەك كە 44پڕۆژەی جۆراوجۆر لە بوارە جیاوازەكان بە سەرمایەی 648 ملیۆن 980 هەزار و 424 دۆلار مۆڵەتیان وەرگرتووە و سەرجەمیان لە لایەن كۆمپانیا خۆماڵییەكانەوە جێبەجێكراون.

كۆی گشتی پرۆژەكان:-

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە‌ كابینەی نۆیەمدا مۆڵەتی بە 206 پڕۆژەی هەمەجۆری لە سێكتەرە جیاوازەكان داوە، كە سەرمایەكەیان11 ملیار و 629 ملیۆن و 355 هەزار دۆلار بووە لەسەر ڕووبەری 10هەزار و 824 دۆنم زەوی ئەنجامدراون. پرۆژەكانیش بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دابەشبوون و بەشی زۆری ئەو پرۆژانەش لە پارێزگای هەولێر جێبەجێكراون.

پارێزگای هەولێر:-

پارێزگای هەولێر 88 پڕۆژە بە سەرمایەی 8 ملیار و 911 ملیۆن و 758 هەزار و 113دۆلاری بەركەوتووە و پرۆژەكانیش لەسەر رووبەڕی چوار هەزار و 864 دۆنم ئەنجامدراون.

پارێزگای سلێمانی:-

پارێزگای سلێمانی بە پلەی دووەم دێت كە 53 پڕۆژە بە سەرمایەی یەك ملیار و 594 ملیۆن و 915 هەزار و 213 دۆلار لە سەر ڕووبەری هەزار و 928 دۆنمی تێدا ئەنجامدراون.

‌پارێزگای دهۆك:-

لەپارێزگای دهۆك 48 پڕۆژە بە سەرمایەی 598 ملیۆن و 413 هەزار و 798 دۆلار لە سەر ڕووبەری دوو هەزار و 760 دۆنم زەوی ئەنجامدراون.

پارێزگای هەڵەبجە:-

لە پارێزگای هەڵەبجەش یەك پرۆژە بە سەرمایەی شەش ملیۆن و 846 هەزار دۆلار لەسەر ڕووبەری حەوت دۆنم زەوی ئەنجامدراوە.

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان:-

لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 11 پڕۆژە بە سەرمایەی 391 ملیۆن و 992 هەزار و 439 دۆلار و لە سەر ڕووبەری یەك هەزار و 143 دۆنم زەوی ئەنجامدراون.

ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین:-

لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین پێنج پڕۆژە بە گوژمەی 125 ملیۆن و 439 هەزار و 481 دۆلار لەسەر ڕووبەری 119 دۆنم زەوی پڕۆژەی جیاواز ئەنجامدراون.

بابەتی پێشتر

نیوکاسڵی شازادە هەشتی کڕیوە و "یاریی خاوێن" ڕێگرە

بابەتی دواتر

پۆچیتینۆ: پاریس 50 ساڵە شکستخواردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share