بە ڤیدیۆ.. ساتی پاش بۆردومانی ماڵەكەی زەواهیری

دیمەنێكی پاش بۆردومانەكە

دیمەنێكی ڤیدیۆیی بەرزبوونەوەی دوكەڵ لە شوێنی بۆردومانەكەی ئەمریكا كە بووە هۆی كوژرانی ئەیمەن زەواهیری سەركردەی ڕێكخراوی قاعیدە لە كابوڵ-ی پایتەختی ئەفغانستان.

دیمەنەكە كە لەلایەن ئاژانسی ڕۆیتەرز-ەوە بڵاوكراوەتەوە، ساتی بەرزبوونەوەی دووكەڵ لە خانوویەكی ناوچەی شیربور-ی كابوڵ نیشاندەدات.

لە كاتێكی زووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممەدا، هەواڵی كوژرانی ئەیمەن زەواهیری سەرۆکی ڕێكخراوی قاعیدە و شوێنگرەوەی ئوسامە بن لادن لە ئەفغانستان بڵاوكرایەوە، دواتر جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا هەواڵەكەی بە فەرمیی ڕاگەیاند و وتی، زەواهیری لە هێرشێکی درۆنی لە ئەفغانستان كوژراوە و هێرشەكە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ئەنجامدراوە.

سەرۆكی ئەمریكا باسی لەوە كرد كە كوشتنی زەواهیری لە تۆڵەی قوربانییەكانی 11ـی سێپتەمبەردا بووە بەوپێیەی ناوبراو کەسی دووەمی قاعیدە بووە لەوکاتەدا و وتی، “تیرۆریستان لە هەر شوێنێک بن، دەیاندۆزینەوە و دەیانکەینە ئامانج”.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، هێرشەكەی كابوڵ كە سەرۆكی قاعیدەی تیادا كوژرا، لەلایەن ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریكا (سی ئای ئەی)ـیەوە لە كۆتایی هەفتەی ڕابردوودا ئەنجامدراوە، جیاواز لەو كاتەی كە سەرۆكی ئەمریكا باسیكرد.

ئەیمەن زەواهیری میسرییە و ساڵی 1951 لە قاهیرە لەدایکبووە. لە سەركردایەتیكردنی چەند گرووپێكی چەكداردا بەشداریكردووە و یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی ڕێكخراوی قاعیدە و دوای كوژرانی ئوسامە بن لادن سەرۆكی پێشووتری ڕێكخراوەكە لە ساڵی 2011دا، زەواهیری شوێنی گرتەوە.

كوژرانی زەواهیری لە ئەفغانستان لە كاتێكدا كە بزوتنەوەی تاڵیبان فەرمانڕەوای ئەو وڵاتەیە، مشتومڕی لێكەوتووەتەوە و لە چەند كاتژمێری ڕابردوودا ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و شیكەرەوانی سیاسیی خۆرئاوا باسیان لەوە كردووە، كە داڵدەدانی سەرۆكی قاعیدە لەلایەن تاڵیبانەوە، پێچەوانەی ڕێككەوتنی نێوان ئەمریكا و بزوتنەوەكەیە و دوورنییە لاپەڕەیەكی نوێی ناكۆكی لە نێوانیاندا هەڵبداتەوە.

بابەتی پێشتر

ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. لە یەک مانگدا 37 کۆڵبەر کوژراون و برینداربوون

بابەتی دواتر

حكومەت بڕیارێكی لە زیانی فەرمانبەران دەركرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share