جەیمس فیتۆن ئەو پیاوە بەریتانییەی عێراق بە تۆمەتی دزینی پارچەی شوێنەواری سزای 15 ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپاندبوو، ئازادكرا.
مانگی ئازاری ئەمساڵ، هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد جەیمس فیتۆن زانای جیۆلۆجیی بەریتانییان دەستگیركرد و تۆمەتباركرا بە دزینی 12 پارچەی شوێنەواری دوای ئەوەی بە گەشتێك هاتبووە عێراق.
بەوپێیەی سزای دزینی كەرەستەی شوێنەواری لە عێراق دەگاتە ڕادەی لەسێدارەدان، فیتۆن لە بەردەم مەترسیی لەسێدارەداندا بوو، دوو مانگ لەمەوبەر دادگای كەرخ لە بەغداد سزای 15 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر جەیمس فیتۆن-دا سەپاند، بەڵام سائر مەسعود پارێزەری ناوبراو داوای لە دادگا كرد پێداچوونەوە بە بڕیارەكەدا بكات.
بەپێی وتەی كچ و كوڕەكەی فیتۆن كە ئەو كات لێدوانیان بۆ بی بی سی دابوو، باوكیان نەیزانیبوو ئەوەی لە جانتاكەیدا هەڵیگرتبوو پارچەی شوێنەوارین، چونكە پارچە بەرد بوون و لە چۆڵەوانیدا دۆزیبوونییەوە.
ئەمڕۆ میدیای عێراقی بڵاویكردەوە، جەیمس فیتۆن لەلایەن دادگاوە ئازادكراوە و ڕۆژی هەینیی ڕابردوو عێراقی بەرەو مالیزیا بەجێهێشتووە و لە فڕۆكەخانەی كوالالامپور “بە خێزانەكەی شادبووەتەوە”.