وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق ڕایگەیاند کە دوای گەڕانەوەی دوا کاروانی ئاوارەکان لە کەمپی ئەڵوەند لە پارێزگای دیالە بۆ زێدی خۆیان، سەرجەم کەمپی ئاوارەکان لەو پارێزگایە داخران.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئیڤان فایەق باسی لەوە کردووە، دوا کاروانی ئاوارەکان کە ژمارەیان 93 خێزان بوو و لە کەمپی ئەڵوەند نیشتەجێبوون، گەڕانەوە زێدی خۆیان.
وەزیری کۆچی عێراق وتویەتی، “لەئێستادا ھیچ ئاوارەیەک لە پارێزگای دیالە نەماوە و بۆیە سەرجەم کەمپی ئاوارەکان لەو پارێزگایە داخراون”.
پێشتر وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق ڕایگەیاندبوو کە پلانیان داناوە لە مانگی کانوونی یەکەمی داھاتوودا کەمپەکانی دیکەی ئاوارەکان دابخەن و ئاشکراشیکردبوو کە لە سەرەتای ساڵی داھاتوودا بە گەڕانەوەی ئارەزومەندانە و بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کەمپی ئاوارەکان لە ھەرێم دادەخرێن.
بەھۆی ھێرش و پەلامارەکانی داعش بۆسەر بەشێک لە ناوچەکانی عێراق لە ھاوینی 2014دا و ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە ڕێکخراوەکە دەستی بەسەرداگرتبوو، نزیکەی پێنج ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار عێراقی ئاوارەبوون کە بەشێکیان وەک پەنابەر ڕویان لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەوروپا کردووە.