ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا، كۆكا كۆلا بە “كیمیاوییەكی پەتی” ناودەبات و داوا لە خەڵكی وڵاتەكەی دەكات نەیخۆنەوە.
لە كۆڕبەندی ئاژانسی دەستپێشخەرییە ستراتیژییەكانی ڕوسیا و لە وەڵامی سەرۆكی یەكێتیی بەرهەمهێنەرانی (چای ئیڤان)دا كە پێشنیازیكرد ئەو جۆرە چایە وەك خواردنەوەیەكی باو بفرۆشرێت بە ڕوسەكان، ڤلادیمێر پوتین وتی، “دوور لە گاڵتە و گەپ، بێگومان ئەمە زۆر لە كۆكا كۆلا بەسوودترە، چونكە كۆكا كۆلا كیمیاوییەكی پوخت و پەتییە”.
پوتین بەڵێنی دا هەر نووسراوێك كە یارمەتیدەربێت لە ڕیكلامكردن بۆ چای ئیڤان و فرۆشتنی، واژوویبكات و هانی خەڵكی ڕوسیای دا بیخۆنەوە.
ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو وەك هەڵوێستێك دژ بە جەنگی ڕوسیا و ئۆكرانیا، كۆمپانیای كۆكا كۆلا و چەند خواردنگە و كۆمپانیایەكی خواردەمەنی لە ڕوسیا كشانەوە.