حكومەتی هەرێم بۆردومانەكەی زاخۆ شەرمەزار دەكات و دەڵێت، پێویستە حكومەتی فیدراڵ و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كۆتایی بەو دەستدرێژییانە بهێنن.
ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان ڕاگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه و تیایدا هاتووە، تۆپبارانکردنی ھاوینەھەواری پەرەخێ لە سنووری دەرکار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەلایەن ھێزەکانی تورکیاوە “بە توندی شەرمەزار دەکەین”.
ڕاشیگەیاند، “لە ماوەی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان چەندین جار لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، کراوەتە ئامانج و زیانی گیانی و ماددی بەر هاوڵاتییانمان کەوتووە. پێویستە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەشێوەیەکی کاراتر، ھەوڵی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوە و کۆتاییهێنان بەم دەستدرێژیانە بدەن”.
حكومەتی هەرێم ئاماژە بە پێکدادانی هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم دەكات و ئەوەی خستەڕوو، بووەتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسیی بەردەوام بۆ سەر هاوڵاتییانمان. بۆیە جارێکی دیکە داوادەكات ھەرێمی کوردستان، لە کێشە و ململانێ ناوچەییەکان دووربخرێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر ھاوڵاتییانی بێتاوان نەبنە قوربانی.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سوپای توركیا بۆردومانی گوندی پەرەخێی لە سنووری ناحیەی دەركار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كرد و بەهۆیەوە بەپێی ئاماری فەرمی وەزارەتی تەندروستی هەشت گەشتیار گیانیان لەدەستدا و 26ی دیكەش برینداربوون.
قوربانییانی ڕووداوەكە بەمەبەستی گەشتكردن سەردانی ناوچەكەیان كردبوو.