لە درێژەی كاردانەوەكاندا دژی هێرشەكەی ئەمڕۆی توركیا بۆ سەر زاخۆ، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەستدرێژییەكانی توركیا بە “بێ چاو و ڕوو” ناودەبات.
سەدر داوادەكات پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ توركیادا كەمبكرێتەوە و فڕۆكەخانە و گەشتە ئاسمانییەكان لەگەڵ توركیادا ڕابگیرێن و سنوورە وشكانییەكان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دابخرێن، هەروەها لە نەتەوە یەكگرتووەكان سكاڵا لە دژی توركیا تۆماربكرێت.
لە درێژەی پەیامەكەیدا، ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوادەكات ڕێككەوتنی ئەمنیی عێراق و توركیا هەڵبوەشێندرێتەوە و بەو مەرجە كارابكرێتەوە كە توركیا بەڵێن بە عێراق بدات بە ئاگاداریی پێشوەختەی حكومەت هێرشبكات ئەگەر هەستی بە مەترسیی لە نزیك سنوورەكانی كرد.
موقتەدا سەدر دەڵێت، “دەستدرێژیكردنەسەر پارێزگاكانی باكوور و هەرێم لە ناوخۆ و دەرەوە چیتر مایەی قبوڵكردن نییە”.