ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە وڵاتانی جیهان کرد، بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پەیامانە بکەن کە ئەو شەپۆلی گەرمایەی ئێستا ئەوروپای گرتووەتەوە هەڵیگرتووە، دەڵێت، “بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئەوروپا لانیکەم تا ساڵی 2060 بەردەوامدەبێت”.
پیتری تالاس ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی جیهانیی کەشناسیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێڤ ڕایگەیاند، “شەپۆلەکانی گەرما بەردەوامدەبن لە بەرزبوونەوە تا ساڵی 2060، هۆکارەکەشی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوان”.
دەڵێت، “هیوادارم ئەم جۆرە دۆخەی ئاووهەوا پاڵنەرێک بێت بۆئەوەی وڵاتانی جیهان هۆشیارییان سەبارەت بە ئاووهەوای زەوی زیاتر بێت”.
ئەوروپای ڕۆژئاوا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پلەی گەرمای پێوانەیی تۆمارکرد، بۆ یەکەمجار لە بەریتانیا 40 پلەی سەدیی تێپەڕاند.
هەروەها دوێنێ لە 60 شاری فەرەنسا، پلەی گەرمای پێوانەیی تۆمارکرا، لە هەندێک ناوچەی وڵاتەکەش ئاگر کەوتووەتەوە.
ڕۆبەرت ستیڤانسکی سەرۆکی خزمەتگوزارییەکانی ئاووهەوای سروشت لە ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، “ئەوەی نیگەرانمان دەکات ئەوەیە ماوەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەبەردەوامی کەمدەبێتەوە”، ئاماژەی بەوەکرد، “پرتوگال لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتە ئەو پلە پێوانەییەی کە ئەوروپا تۆماریکردووە و 48.8 پلەی سەدییە و پێشتر لە ئیتالیا تۆمارکراوە”.
ئەمینداری ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، “ئێستا بە هەموو شێوەیەک چاومان لەسەر ئەو گازە ژەگراوییانەیە کە دەکرێنە ناو بەرگەهەواوە، کە هۆکارن بۆ بەردەواموونی شەپۆلەکانی گەرما، کە لانیکەم تا ساڵی 2060 دەخایەنێت، لە ئەگەرێکدا ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا سەرکەوتووبن”.
ئاماژەی بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر تەندروستیی کردووە، ئەوەی بیرهێنایەوە کە لەساڵی 2003دا لانیکەم 70 هەزار کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستدا، هۆشداریشیدا لە بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان بەتایبەت لەناو منداڵان و بەتەمەنەکاندا، لەکاتێکدا لە هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە ئیسپانیا بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستدا.