سیمبولی خۆڕاگری و دژ بە ڕەگەزپەرستی
ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی نـێـلسۆن مـانـدێلا-یە

نێلسۆن ماندێلا

جیهان لەمڕۆدا 18ی تەمموز یادی ڕۆژی جیهانیی نێلسۆن ماندێلا دەكاتەوە، ئەو سەركردەیەی باشووری ئەفریقا كە ناوی لە مێژوودا نوسراوەتەوە وەك ناسراوترین زیندانی سیاسی و سەرسەختترین كەس لە بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستیدا.

بەهۆی بەشداری لە بڵاوكردنەوەی ئاشتی و ئازادی، كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە تشرینی دووەمی 2009دا ڕۆژی 18ی تەمموزی هەموو ساڵێكی بە وادەی یادكردنەوەی ڕۆژی جیهانیی نێلسۆن ماندێلا دانا، وەك ڕێزلێنانێك لەو سەركردە تێكۆشەرە كە ژیانی بۆ تێكۆشان لەپێناو ئازادی، دیموكراسیەت، دادپەروەری، یەكسانی و ئاشتی تەرخانكرد.

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە وتەیەكدا ڕایگەیاند، جیهان ڕێز لە یەكێك لە پایەبەرزەكانی سەردەمەكەمان دەنێت، سەركردەیەكی ئازای بێوێنە و خاوەن دەستكەوتی گەورە، پیاوێكی خاوەن شكۆ و هێمنی خاوەن تایبەتمەندیی مرۆیی قوڵ.

وتیشی، “نێلسۆن ماندێلا ساڕێژكەری برینی كۆمەڵگاكان و ئاراستەكاری نەوەكان بوو، بە ڕەوشت و هەڵسوكەوتەكانیەوە وەك مەرجەعی هەموومان دەمێنێتەوە”.

جیهانی ئەمڕۆمان شەڕ شێواندویەتی، حاڵەتەكانی باری لەناكاو تەنیویەتی، بەدەست ڕەگەزپەرستی و جیاكاری و هەژاری و نایەكسانییەوە دەناڵێنێت، لەژێر هەڕەشەی كارەساتی ئاووهەوادایە، گۆتێرێش وای وت و داواشیكرد، “با ئومێد لە نمونەی نێلسۆن ماندێلاوە هەڵچنین و سوود لە ڕوانینەكانی وەرگرین، ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژێك ڕێز لە پاشخانەكەی ماندێلا بنێین لەڕێی كاركردن و هەوڵدان بۆ ڕەتكردنەوەی ڕقبوونەوە و بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ و پابەندبوونی بە مرۆڤبوونی هاوبەشمان”.

دۆخی زیندانیان
لە كانونی یەكەمی 2015دا كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاریدا چێوەی ڕۆژی جیهانیی نێلسۆن ماندێلا فراوانبكات، تا بەهەمان شێوە بەكاربهێندریت لەپێناو پەرەپێدانی دۆخی مرۆیی ناو زیندان و زیادكردنی هۆشیاری لەبارەی بەندكراون.

بنەما نمونەییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مامەڵە لەگەڵ بەندكراوان لەژێر ناوی “بنەماكانی نێلسۆن ماندێلا” ناونران لەپێناو ڕێزگرتن لە پاشخانی سەرۆكی كۆچكردووی باشووری ئەفریقا.

گێڕانەوەی مێژوویی
جیاكردنەوەی ڕەگەزیی وایكرد 85%ی دانیشتووانی باشووری ئەفریقا ئەوانەی ڕەشپێستن، لەنێویشیاندا نێلسۆن ماندێلا، بێبەشبن لەهەر دەسەڵاتێكی سیاسی. بەجۆرێك هاوڵاتییانی ڕەشپێست نەیاندەتوانی دەنگبدەن و كێبڕكێ لەگەڵ سپیپێستەكاندا بكەن لە شوێنی كاردا، جگە لەوەی نەیاندەتوانی هەمان ئۆتۆمبێل، كەناراو و شوێنە گشتییەكان بەكاربهێنن.

كورتەی ژیان
ڕۆلیهلاهلە ماندێلا (Rolihlahla Mandela) لە خێڵی مەدیبا لە گوندی مینزۆ، کە دەکەوێتە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی باشووری ئەفریقا لە 1918/7/18 لەدایکبووە و لەلایەن مامۆستایەكیەوە نازناوی (نێلسۆن)ـی پێبەخشراوە.

دوای ئەوەی دەستیکرد بە خوێندنی یاسا لە زانکۆی (Witwatersrand)، بەهۆی ئەوەی یەکەم خوێندکاری ئەفریقی ڕەشپێست بوو ڕووبەڕووی ڕەگەزپەرستی بووەوە. لەوێ بوو بە هاوڕێی ئازادیخواز، شیوعییە ئەوروپی و جولەکەكان و خوێندکارە هیندییەکان. بەوەش زیاتر بوو بە کەسێکی سیاسی. لە مانگی ئابی 1943 پشتگیری بایکۆتێکی سەرکەوتووی کرد لە دژی گرانبوونی نرخی پاس. لە ساڵی 1944 بوو بە ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا.

لە ساڵی 1952 وەک سەرۆکی بەرەنگاربوونەوەی نەتەوەیی دیاریکرا، دواتر لەگەڵ 19 کەسی دیکەدا سزادران بە تۆمەتی سەرکردایەتیی کردەوەی شوعیگەرایی، بۆیە دادگاییکران بە ئەنجامدانی ئەرکی قورس بۆ ماوەی 9 مانگ، کە دواتر درێژكرایەوە بۆ دوو ساڵ.

ماندێلا جارێكی دیكە لە هێرشێکی فراوانی پۆلیسدا لە 1956/12/5 دەستگیرکرا کە ئەنجامەکەی دادگایی ناپاکی بوو و لە ئاكامیدا خۆی و چەندانی دیكە سزادران و لە 1961/3/19 ئازادكران.

ساڵێك دواتر ماندێلا بە بەكارهێنانی ناوێکی خوازراو (دەیڤید مۆتسامای)، بە نهێنی باشووری ئەفریقای بەجێهێشت، گەشتێكی بە ئەفریقادا کرد هەروەها سەردانی بەریتانیای کرد بۆ دۆزینەوەی پاڵپشتی، هەروەها مەشقی سەربازی لە مەغریب و ئەسیوبیا وەرگرت. دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری ئەفریقا، لە مانگی تەمموزی 1962 بە تۆمەتی جێهێشتنی وڵات بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی و هاندانی کرێکاران بۆ کودەتا بۆ ماوەی پێنج ساڵ زیندانیکرا.

دوای 27 ساڵ له‌ زیندانیكردن به‌هۆی زیادبوونی گوشاره‌كان، ماندێلا له‌ 11ی شوباتی 1990 ئازادكرا. لە ماوەی زیندانییەکەیدا لانیكەم سێ پێشنیاری مەرجداری بۆ ئازادبوونی ڕەتکردووەتەوە.

خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی
لە دوای کۆتاییهاتنی یاسای بە یەکەم دانانی سپیپێستەکان، لە ساڵی 1993 ماندێلا توانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بباتەوە و بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا لە ساڵی 1994 بەشداری دەنگدانی کرد و لە 1994/10/5 وەك یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی دیموکراتی لە باشووری ئەفریقا دەستبەکاربوو.

بەپێی ئەو بەڵێنەی بە خەڵکیدا، دوای تەواوبوونی یەک خول لە سەرۆکایەتی، ماندێلا لە ساڵی 1999دا وازهێنانی ڕاگەیاند.

دواتر ماندێلا ژیانی خۆی له‌پێناو پڕۆژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ته‌رخانكرد و ده‌ستیكرد به‌ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی ئایدز كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌ژارییه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یدا و به‌هۆی ئه‌و نه‌خۆشییه‌وه‌ كوڕێكی گیانیله‌ده‌ستدا و له‌ڕێگای وه‌قفه‌كه‌یه‌وه‌ به‌رده‌وام بوو له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ به‌ره‌وپێشتربردنی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌.

ماندێلا دوای ئه‌وه‌ی ساڵی 2011 ڕه‌وشی ته‌ندروستی تێكچوو له‌ 5ی كانوونی یه‌كه‌می 2013 كۆچی دواییكرد.

بابەتی پێشتر

بەهۆی لیڤاندۆڤیسکی-یەوە دیپای هەگبەکەی پێچاوەتەوە

بابەتی دواتر

عێراق ئەو باڵیۆزەی كە بە ئاڕ بی جی ڕاویكردبوو لە كارەكەی لادا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاگر لە دهۆك و كاردانەوە لە بەغداد
حكومەت و پەرلەمانی كوردستان بەرامبەر هێرشەكانی توركیا بێدەنگن

ناردنی شاند، زنجیرەیەك كۆبوونەوە، كۆكردنەوەی دۆسیەی پێشێلكارییەكان، بانگكردنەوەی نێردە، ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران و تۆماركردنی سكاڵا لە ئەنجومەنی…
Total
0
Share