چوار بەرپرس لە كارەساتەكەی فۆكۆشیما بە 100 ملیار یۆرۆ سزادران

دادگایەك لە تۆكیۆ چوار بەرپرسی پێشووی كۆمپانیای كارەبای (تیبكۆ)ی بە سزایەكی دارایی بێپێشینە سزادا كە دەگاتە نزیكەی 100 ملیار یۆرۆ، بەهۆی شكستهێنانیان لە ڕێگریكردن لە ڕوودانی كارەساتی وێستگەی وزەی ئەتۆمی فۆكۆشیما لە ساڵی 2011دا.

بڕیارەكە وەڵامدانەوەی ئەو ڕێوشوێنە یاساییەیە كە پشكدارانی (تیبكۆ) كۆمەڵەی كارپێكەری وێستگەی وزە لە فۆكۆشیما-دایچی لە ساڵی 2012ەوە دەستیانپێكرد. ئەمە یەكەمجارە بەرپرسانی پێشووی كۆمپانیاكە بەرپرسیارێتیی كارەساتەكەیان دەخرێتەئەستۆ كە دوابەدوای تسۆنامییەكی گەورە ڕوویدا.

كۆی ئەو قەرەبووەی دادگا بڕیاری لەسەردا زیاترە لە 13.3 تریلیۆن یەن، كە دەگاتە نزیكەی 97 ملیار یۆرۆ، ئەوەش قەرەبوویەكی بێپێشینەیە بۆ داوایەكی مەدەنی لە ژاپۆن، وەك ئەوەی پارێزەری داواكاری گشتی ئاماژەی پێداوە.

هیرۆیۆكی كاوای پارێزەری پشكداران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، دەزانین كە لە توانایاندا نییە بڕی پارەكە بدەن. پێشبینیشیكرد بەرپرسانی پێشووی كۆمپانیاكە ئەو بڕە بدەن كە لە توانایاندایە.

دادگا ڕوونیكردەوە، ئەو بڕە پارەیە پێویستە بدرێتە كۆمپانیای تیبكۆ بۆ خەرجی تێچووی هەڵوەشانەوەی وێستگەكە، پاككردنەوەی خاكی ناوچەكە لە ژەهراویبوون، كۆكردنەوەی پاشەڕۆ و شمەكە تیشكدەرەكان، سەرەڕای ئەو قەرەبووانەی دەدرێتە دانیشتووانی زەرەرمەندی ڕووداوە ئەتۆمییەكە.

لە 11ی ئازاری 2011 بومەلەرزەیەكی بەهێز لە نزیك كەناراوەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی ژاپۆن ڕوویدا و بووە هۆی تسۆنامییەكی گەورە، ئەوەش بووە هۆی دزەكردنی ئەتۆم لە سێ وێستگەی ئەتۆمیی وێستگەی فۆكۆشیما دایچی بۆ بەرهەمهێنانی وزە، لە ئاكامیدا بڕێكی زۆر تیشكی ئەتۆمی دزەی كردە هەواوە و لەسەر خاك و لەناو ئاودا نیشتەوە.

پێشبینی دەكرێت كارەكانی پاككردنەوەی ژەهراویبوون و هەڵوەشاندنەوەی وێستگەكە چەند دەیەیەك بخایەنێت.

بابەتی پێشتر

نەوت گەیشتە كەمترین نرخی سێ مانگی ڕابردوو

بابەتی دواتر

عێراق 50%ی سامانی هەنگی لەدەستداوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پاڵێوراوی سەرۆکایەتیی وڵاتێک کوژرا

لە کاتی بەڕێوەچوونی رێورەسمێکی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان فێرناندۆ ڤیاڤیسینسی کاندیدی سەرۆکایەتی ئیکوادۆر کوژرا. ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لە دوای تەووبوونی…
Total
0
Share