كەشتییەكی رزگاركردنی كۆچبەران لەلایەن ئیتاڵیاوە دەستبەسەر دەكرێت

رێكخراوێكی بەهاناوەچوونی ئەڵمانی دەڵێت، ئیتاڵیا دەستی بەسەر یەكێك لە كەشتییەكانیدا گرتووە، پاش ئەوەی هەوڵێكی بۆ رزگاركردنی كۆچبەران لە ئاوەكانی دەریای سپی ناوەڕاستدا ئەنجامداوە.

رێكخراوی (ئێس ئۆ ئێس هیومانیتی)ی بەهاناوەچوونی ئەڵمانی ئەمڕۆ رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا لەسەر بنەمای “بیانووی ناڕاست” دەستیان بەسەر كەشتیییەكەی (هیومانیتی 1)دا گرتووە، دوای ئەوەی ئێوارەی شەممە پرۆسەیەكی رزگاركردنی لە ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاست ئەنجامداوە.

روونیشیكردەوە، دەسەڵاتدارانی شاری كروتونی لە باشووری ئیتاڵیا، كەشتییەكەیان لە رێڕەوی جوڵەی دەریای ناوەڕاست دەركردووە. ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی دەستبەسەراگرتنەكە 20 رۆژ دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا سزای دارایی بەسەردا دراوە.

لە بەرامبەردا ئێشكگری كەناراوەكانی ئیتاڵیا هیچ زانیارییەكی فەرمی لەبارەیەوە بڵاونەكردووەتەوە.

رێكخراوەكە دەڵێت، تیمی كەشتییەكە لە دەست بەسەراگرتنەكە ئاگاداركراوەتەوە، دوای ئەوەی نزیكەی 200 كۆچبەری لە نقومبوون لە ناوەڕاستی دەریادا رزگاركردووە و گەیاندونیەتە وشكانی لە شاری كالابریا-ی كەنار دەریا.

دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا رێكخراوەكە تۆمەتبار دەكەن بەوەی لەكاتێكی پێشتردا رێنماییەكانی ئێشكگری كەناراوەكانی لیبیای بە جێهێشتنی ناوچەكە پشتگوێخستووە.

رێكخراوە مرۆڤدۆستەكە دەڵێت، كەشتییەكە لەو هەوڵەیدا 46 كەسی رزگاركردووە كە بەتەواوی لە ئاودا بوون، لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا دەڵێن، تیمی كەشتییەكە بەرپرسن لە هەڵهاتنی كۆچبەرانی نایاسایی لە كەناراوەكانی لیبیا و خۆهەڵدانە ناو ئاو.

بابەتی پێشتر

زیانەکانی خواردنی خورما لەگەڵ چا

بابەتی دواتر

دەیەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی شانۆ بۆ تیپە پەروەردەییەکانی عێراق لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share