مەسرور بارزانی: هیچ قەرزێكمان نەكرد و بارگرانیمان بۆ نەوەكانی داهاتوو دروست نەكرد

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی چاكسازی لە كابینەكەیدا داهاتی ناوخۆ بەڕێژەی 100% زیادیكردووە و دەشڵێت، “هیچ قه‌رزێكمان نه‌كرد و بارگرانی و به‌رپرسیارییه‌تیمان بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو دروست نه‌كرد”.

مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان له‌ وتارێكدا به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی سێ ساڵ به‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند، هه‌ر له‌ دوای ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌م كابینه‌یه‌، هه‌رێمی كوردستان و جیهان به‌گشتی، ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی ته‌ندروستی بوه‌وه‌ كه‌ بڵاوبوونەوە و ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، سه‌رئه‌نجام قه‌یرانی دارایی لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ تائێستاش ده‌رهاویشته‌كانی هه‌ر ماون.

وتیشی، “چه‌ندین هه‌وڵی ده‌ره‌كی و ناوخۆییش بۆ په‌كخستنی حكومه‌ته‌كه‌تان درا، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، توانی له‌ ڕێگه‌ی پلان و به‌رنامه‌ و چاكسازییه‌كانیه‌وه‌، تاڕادده‌یه‌كی باش ئه‌و قه‌یرانانه‌ تێپه‌ڕێنێت”.

مەسرور بارزانی ئەوەشی وت، توانیمان مووچه‌ به‌ به‌رده‌وامی بده‌ین، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك جاریش دواكه‌وتبێت یان چه‌ند مانگێكی كه‌م، ڕێژه‌ی مووچه‌كه‌ سه‌د له‌ سه‌د نه‌بوو، به‌ڵام مووچه‌ دابه‌شكردن هه‌ر به‌رده‌وام بوه‌ به‌پێی بودجه‌ی به‌رده‌ست.

دووپاتیشیكردەوە، “له‌م كابینه‌یه‌دا توانیمان قۆناغی سه‌ختی بێ داهاتی، به‌بێ قه‌رزكردن تێپه‌ڕێنین. بۆیه‌ نه‌ك ته‌نیا هیچ قه‌رزێكمان نه‌كرد و بارگرانیی و به‌رپرسیارییه‌تیمان بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو دروست نه‌كرد، به‌ڵكو قه‌رزه‌كانی حكومه‌تیشمان كه‌مكرده‌وه‌ و له‌م ماوه‌یه‌دا زیاتر له‌ یه‌ك ملیار دۆلار قه‌رزمان داوه‌ته‌وه‌”. ئەوەشی وت، له‌ ئه‌نجامی چاكسازی له‌ هه‌ردوو بواری دارایی و كارگێڕی، داهاتی ناوخۆ به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو و تا ئاستی 100% زیادیكردووە.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد، كاریان بۆ هه‌مه‌جۆركردنی ئابوری و سه‌رچاوه‌كانی داهات كردوه‌ و زۆرترین خه‌رجی له‌ دوای ساڵی 2014ەوە له‌ بواری جاده‌ و ڕێگه‌وبان بووه‌، جگە لەوەی بایه‌خدان به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ و وه‌به‌رهێنان له‌ بواری كشتوكاڵی، زۆر زیادیكردوه‌، پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ و ستراتیجی له‌ بواری دابینكردنی ئاسایشی خۆراك ئه‌نجامدراون و هه‌ندێكیان ته‌واو بوون و هه‌ندێكیشیان ئێستا له‌ جیبه‌جێكردندان.

سەبارەت بە ئاو و كارەباش مەسرور بارزانی وتی، كار بۆ دابینكردنی ئاسایشی ئاو و دروستكردنی به‌نداو و پۆند كراوه‌ و له‌ كه‌رتی كاره‌باشدا، ژێرخانی كاره‌با به‌ هێزتر كراوه‌ تا ڕێگه‌ له‌ به‌فیڕۆدانی كاره‌با بگیرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، هه‌نگاوی كرده‌یی نراون بۆ كاراكردنی گواستنه‌وه‌ی گشتی و دروستكردنی هێلی ئاسنین.

دەربارەی بیرۆكراسیەت و نەهێشتنی گەندەڵی مەسرور بارزانی ئەوەی خستەڕوو، كاریان كردووە بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بیرۆكراسی له‌ فه‌رمانگه‌ و دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت و شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و گواستنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ ناوه‌ندی پارێزگاكان بۆ ئاستی قه‌زاكان. هەروەها هەنگاونراوە بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و بنبڕكردنی و ڕێگه‌گرتن له‌ به‌فیڕۆدانی داهاتی گشتی و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات.

سەبارەت بە پلان و بەرنامەی داهاتووش سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەختیكردەوە لەسەر به‌رده‌وامیدان به‌ سیاسه‌تی هه‌مه‌جۆركردنی ئابوری و سه‌رچاوه‌كانی داهات و گرنگیدانی زیاتر به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ، زیادكردنی به‌نداوه‌كان و به‌رده‌وامیدان به‌ كاركردن له‌ سه‌ر پاراستنی ئاسایشی ئاو و دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی ژینگه‌دۆست بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی خاشاك و زبڵ له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

هەروەها زیادكردنی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با به‌ به‌كارهێنانی وزه‌ی خۆر و گازی به‌فیڕۆدراو و ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه‌ نرخی به‌رهه‌مێنانی كاره‌با كه‌م ده‌كاته‌وه‌. جگە لە به‌رده‌وامبوون له‌ سه‌ر پاڵپشتیكردنی گه‌نجانی كوردستان بۆ به‌گه‌ڕخستنی پڕۆژه‌ی بچوك به‌ مه‌به‌ستی دروستكردنی هه‌لی كاری زیاتر. فراوانكردنی خزمه‌تگوزاری ناو شاره‌كان و زیادكردنی ڕوبه‌ڕوی سه‌وزایی و تایبه‌تمه‌ندییه‌ ژینگه‌ییه‌كان له‌ شاره‌كان و په‌ره‌پێدان و زیاتركردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبون بۆ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان، وەك ئەوەی لە وتارەكەیدا هاتووە.

بابەتی پێشتر

ئاسایشی هەولێر: تۆمەتبارانی تەقەكردن لە ماڵی حاجی مەسیفی دەستگیركران

بابەتی دواتر

سەدر شەمەندەفەری بە كرێ گرتووە و لایەنگرانی دەگوازێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

حاجی ئاوا كرا بە قەزا

بڕیاری بە قەزاكردنی حاجی ئاوا لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین جێبەجێدەكرێت و حكومەت نووسراوی بۆ دەركرد. لە نووسراوێكی حكومەتی…
Total
0
Share