حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، كابینەی نۆیەم مانگانە زیاتر لە 23 ملیار ديناری بۆ بواری تەندروستی تەرخانكردووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردووەتەوە،” كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم گرنگییەكی تایبەتی بە بواری تەندروستیی هاوڵاتییان و كەرتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان داوە و مانگانە 23 ملیار و 450 ملیۆن و 236 هەزار و 290 دیناری بۆ ئەو بوارە خەرجكردووە”.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ” لە بواری پێداویستیی دەرمان و پێداویستیيە پزیشكییەكان، حكومەتی ھەرێم مانگانە بڕی 13 ملیار و 750ملیۆن دیناری بۆ بواری دابینكردنی خۆراك خەرجكردووە و بۆ نەخۆشخانەكانیش، بڕی چوار ملیار و 892 ملیۆن و 739 هەزار و 450 دیناری تەرخانكردووە”.
ئاماژە بەوەشكراوە، بۆ پاككردنەوە و خاوێن ڕاگرتنی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەكان مانگانە یەك ملیار و 448 ملیۆن و 840 هەزار و 190 دینار و یەك ملیار و 712 ملیۆن و 258هەزار و 650 دیناری بۆ سازدانەوە و 580 ملیۆن بۆ سووتەمەنی و یەك ملیار و 66 ملیۆن و 398 هەزار دیناری بۆ بەدەل عیادە خەرجكردووە”.