ڕاپۆرتێك: توركیا لە جینۆسایدی ئێزدییەكان تێوەگلاوە

ڕاپۆرتی ژمارەیەك مافدۆست، توركیا تۆمەتباردەكات بە تێوەگلان لە تاوانی “كۆمەڵكوژی” دژ بە ئێزدییەكان لە عێراق و سوریا، ئەنقەرەش ڕەتیدەكاتەوە و بە “دەنگۆی بێ بنەما” ناویدەبات.

ڕاپۆرتەكە تیشكدەكاتەسەر ئەو بەرپرسیارێتییەی لە ئەستۆی وڵاتاندایە بۆ ڕێگری لە كوشتنی بەكۆمەڵ لەسەر خاكەكەی، تەنانەت ئەگەر لایەنی سێیەم ئەنجامیدابێت وەك ڕێكخراوی داعش، بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی.

كوشتنی بەكۆمەڵ و پشتگوێخستن
لیژنەی دادی ئێزدییەكان دەڵێت، “تاوانی كوشتنی بەكۆمەڵ” لە ساڵی 2013ەوە دژ بە ئێزدییەكان لە هەرێمی كوردستان، عێراق و سوریا دەستیپێكردووە.

لە 3ی ئابی 2014 چەكدارانی داعش هێرشێكی بەرفراوانیان بۆسەر شارۆچكەی شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری ئەنجامدا و بەهۆیەوە سەدان هەزار كەس لە ئێزدییەكان هەڵهاتن و ڕووبەڕووی تاوان بوونەوە كە دواتر لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بە “جینۆساید” ناونرا، ئەوان ڕووبەڕووی كوشتن، سەربڕین و كۆیلەكردنی سێكسیی كچان و ژنانیان بوونەوە.

پێكهاتەكە بۆ چەندین ساڵ ڕووبەڕووی سەركوتكردن بووەوە بەهۆی بیروباوەڕە ئاینییەكانیان، بەتایبەت لەسەر دەستی چەكدارانی داعش لە عێراق و سوریا، كوڕ و پیاوەكانیان كوژرا و كچ و ژنەكانیان كرانە سەبایا، وەك ئەوەی فرانس پرێس ئاماژەی پێداوە.

ڕاپۆرتەكە لەماوەی سێ ساڵدا لێكۆڵینەوەی لە هەڵسوكەوتی 13 وڵات كردووە و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی كە سێ وڵات “شكستیهێناوە لە ئەنجامدانی ئەركی سەرشانی لە گرتنەبەری هەنگاوی گونجاو بۆ ڕێگری لە كوشتنی بەكۆمەڵ”، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی گاردیان بەشێكی بڵاوكردووەتەوە.

لیژنەكە دەسەڵاتدارانی توركیای تۆمەتباركردووە بە “تێوەگلان لە لەناوبردن”ەكە و دەڵێت، شكستیهێناوە لە چاودێریی سنوورەكانی بۆ وەستاندنی جموجوڵی ئازادانەی چەكدارانی داعش، لەنێویشیاندا ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتییانی تورك.

پیاوێكی بەتەمەنی ئێزدی لە شەنگال -2015

“لە نیسانی 2014ەوە، بەرپرسانی تورکیا چاویان لە فرۆشتن و گواستنەوە و بە کۆیلەکردنی ژنان و منداڵانی ئێزدی داخستووە، هەروەها ڕاهێنانیان بە چەکدارانی داعش کردووە بۆ دژایەتیكردنی کورد لە سوریا، ئەمەش پاڵپشتی بووە بۆ ئەنجامدەرانی جینۆسایدەكە”، بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەكە.

دەشڵێت، “بەرپرسانی توركیا دەیانزانی یان چاوپۆشییان لەو بەڵگانە كرد كە ئەو كەسانە ڕاهێنانەكانیان بۆ ئەنجامدانی كاری قەدەغەكراوی دژ بە ئێزدییەكان بەكارهێناوە”.

ڕاپۆرتەكە كە لە 278 پەڕە پێكهاتووە دانیناوە بەوەدا كە لە حوزەیرانی 2014دا عێراق داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە دان بەو كارە دڕندانانەدا بنێت كە ڕێكخراوی داعش ئەنجامیداون، بەڵام حكومەتی عێراقی تۆمەتباركردووە بە “هەماهەنگی نەكردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی كورد یان نەگرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ گواستنەوەی ئێزدییەكان بۆ شوێنی ئارام”.

ڕاپۆرتەكە ڕوونیشیدەكاتەوە، حكومەتی سوریا “شكستیهێنا لە ڕێگریكردن لە گواستنەوە و دەستبەسەركردنی ئێزدییەكان لەسەر خاكەكەی”.

هیلینا كیندیدی پارێزەری مافەكانی مرۆڤ لە بەریتانیا پاڵپشتی بۆ ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە دەربڕیوە و وتی، “پێویستە توركیا لە بەردەم دادگای دادی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی تۆمەتەكانی ببێتەوە بە تێوەگلان لە جینۆسایدی دژ بە ئێزدییەكان” وەك ئەوەی ڕۆژنامەكە بڵاویكردووەتەوە.

لای خۆیەوە ئۆمیت پالچین باڵیۆزی توركیا لە بەریتانیا وتی، “ڕەخنەكان هیچ بنەمایەكیان نییە و نادادپەروەرانەیە”.

وتیشی، “توركیا دەروازەكانی كردەوە و بووە پەناگەیەكی ئارامی ملیۆنان سوریی و ئێزدی”.

لە ئازاری 2021دا نەتەوە یەكگرتووەكان یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی پەسەندكرد، یاساكە دان بەو تاوانانەدا دەنێت كە ڕێكخراوی داعش دژ بە ژن و كچانی پێكهاتەكە ئەنجامیداون، لەوانەش ڕفاندن، بەكۆیلەكردنی سێكسی، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، دووگیانبوون و لەباربردن، وەك جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی كشتوكاڵ ڕێكارەكانی سەربڕینی ئاژەڵ لە جەژنی قورباندا بڵاوكردەوە

بابەتی دواتر

مووچەی مانگانەی مووچەخۆران 35 ملیار دینار زیادیكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی بەنزین دابەزی

نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە بەشێك لە بەنزینخانەكانی شاری هەولێر دابەزینی بەخۆوە بینی و یەك لیتر بەنزین 100 دینار…
زیاتر ببینە

لە سلێمانی دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گیرا کە لە هەولێرەوە فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی بۆ دەرچووبوو

پۆلیسی سلێمانی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلێکی راگەیاند کە لە هەولێرەوە فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی بۆ دەرچووبوو. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی…
Total
0
Share