لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركییەوە ماڵێك لەناو كامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور بۆردومانكرا.
سەرچاوەیەك لەناو كەمپەكەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک ماڵێکی لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور بۆردومانکردووە.
باسی لەوەشکرد، هێرشەکە زیانی گیانیی نەبووە و تەنها زیانی ماددی لێكەوتووەتەوە.
لای خۆیەوە پەیجی دژە تیرۆری كوردستان (نزیك لە پارتی) بڵاویكردەوە، لە بۆردومانەكەدا بارەگایەکی چەکدارانی پەکەکە كراوەتە ئامانج و زیانی گیانیی لێكەوتووەتەوە.
شەوی ڕابردووش فڕۆکەکانی تورکیا چیای مەتین و دەوروبەری گوندەکانی سەرگەلێ سگێرێ-یان لە قەزای ئامێدی بۆردومان کرد.
بەپێی زانیارییەکان، بۆردومانەکە هیچ زیانێكی گیانیی نەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچانەی بۆردومانکراون نزیکبوون لە گوندنشینانەوە، ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لای دانیشتووانی ئەو گوندانە دروستکردووە.