بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم سەرجەم ئەو كەسانە ئاگاداردەكاتەوە كە دوو ژەمە ڤاكسینی دژە كۆرۆنایان وەرگرتووە و جەختدەكاتەوە تووشبوون بە كۆرۆنا ڕووی لە هەڵكشان كردووەتەوە و پێویستە هاوڵاتییان پابەندی بەستنی ماسك ببن لە فەرمانگە و شوێنە گشتییەكاندا.
د.ڕەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێكە تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان ڕووی لە هەڵشكان كردووە بەپێی داتا و ڕاپۆرتە پزیشكییەكان ئەو كەسانەی تووشی كۆرۆنا دەبن بە سووكی دەیگرن و تەنها دووچاری لەرزوتایەكی سووك دەبن و چەند ڕۆژێك هەست بە ماندوێتی دەكەن و دواتر تەندروستییان جێگیر دەبێت.
ئاشكرایكرد، بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا چەند جارێك جەختمانكردووەتەوە پێویستە هاوڵاتییان ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن و ئەو كەسانەی پێشتر دوو ژەمە ڤاكسینیان وەرگرتووە دوای شەش مانگ ژەمی سێیەمی ڤاكسین وەربگرن، چونكە ئەو ڤاكسینە تا وەكو شەش مانگ كاریگەری دەبێت و مەترسی هەیە كە جارێكی دیكە دووچاری كۆرۆنا ببنەوە.
بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، جەختیكردەوە، لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە و هەنگاوەكانی خۆپارێزی دەكەین، بەڵام پێویستە هاوڵاتییان ماسك ببەستن كاتێك دەچنە شوێنە گشتییەكان و فەرمانگەكان و خۆیان بپارێزین.