لەگەڵ ئەوەی هێشتا كورد لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نەگەیشتووەتە ڕێككەوتن، شارەزایەك دەڵێت، لەو ئەگەرەدا دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران ئەو پرسە یەكلادەكاتەوە.
دوای كشانەوەی فراكسیۆنی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چێوەی هەماهەنگی (كۆكراوەی لایەنە شیعیەكان) هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەستپێكردووە.
بەپێی وتەی شارەزایان لە ئەگەری ڕێككەوتن لەنێوان لایەنەكان و كۆتاییهێنان بە ناكۆكی و جیاوازییەكان، پاش جەژنی قوربان هەنگاونان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەستپێدەكات.
مەحمود هاشمی شیكاری سیاسیی عێراقی ڕایگەیاند، لێكتێگەیشتن لەنێوان چێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانەكانی گەیشتووەتە دوو خاڵی بنەڕەتی، یەكەم پێویستە كۆتایی بە بڕیاری هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بهێنرێت، لەكاتێكدا كورد دەڵێت پرسێكی ناوخۆی كوردە و پێویستە لەسەری بگەینە لێكتێگەیشتن، دواتریش پێویستە شیعە لەنێوان خۆیاندا بگەنە لێكتێگەیشتن لەسەر سەرۆك وەزیران.
بەپێی ڕێوشوێنە دەستوورییەكان پێویستە پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلاببێتەوە و دواتر بانگێشتی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات و گەورەترین فراكسیۆن ڕادەسپێرێت بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران و دواتر پێكهێنانی كابینەی حكومی و ڕاستاندنی، هاشمی بۆ ڕۆژنامەی سەباح وای وت.
ئەوەشی وت، “كورد نەگەیشتوونەتە ئەنجام دەربارەی پۆستی سەرۆك كۆمار، ڕەنگە لێرەدا پێشنیارێك هەبێت كە لەلایەن چێوەوە پێشكەشكراوە، ئەوەش ئەوەیە بەرهەم ساڵح بە كاندیدی یەكێتیی نیشتمانی و ڕێبەر ئەحمەد بە كاندیدی پارتی بمێنێتەوە و لەناو ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر بدرێت، كێ زۆرترین دەنگی هێنا پۆستی سەرۆك كۆمار دەباتەوە”.
لای خۆیەوە مەهدی عەبدولكەریم كادری پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، لەكاتێكدا ئەگەر یەكێتی و پارتی نەگەنە ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێكی دیاریكراو بۆ پێشكەشكردنی بە ئەنجومەنی نوێنەران و دەنگدان لەسەری بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەوكات هەرلایەك لە كاندیدەكانیەوە ڕوو لە بەغداد دەكات و ئەنجومەنی نوێنەران یەكلاكەرەوەی یەكێك لە كاندیدەكان دەبێت.