بنجامین پاڤارد، بەرگریکاری فەرەنسی یانەی بایرن میونشن لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژە بە بۆچوونەکانی دەکات لەبارەی داهاتووی خۆی و یانە و هەڵبژاردەی وڵاتەکەیەوە، هەروەها ئەو کێبڕکێ بەهێزەی لەنێوانی و بوناساری ئەستێرەی لاوی یانە باڤارییەکەدا دروستبووە.
بەرگریکارەکەی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێکدا چەندین بابەتی نەبیستراو بۆ کەناڵی تێلی فوتی فەرەنسی ئاشکرادەکات، ئەمەش کورتەیەکە لە چاوپێکەوتنەکە.
کێبڕکێکردن لەگەڵ بوناسار لە چ ئاستێکدایە؟
پێموایە کێبڕکێکردن لەگەڵ یاریزانانی هاوڕێت شتێکی ئەرێنییە، پەیوەندیکردنی بوناسار بە پێکهاتەی بایرنەوە سوودی گەورەی دەبێت، خاوەنی خەسڵەتی ناوازەی یاریکردنە و لە یانەی ئۆڵێمپیک مارسیلیاوە تواناکانی سەلماندووە.
پەیوەندی نێوانتان چۆنە؟
پەیوەندیمان باشە، لەو کاتەوە کە پەیوەندی بە بایرنەوە کردووە بووینەتە هاوڕێ، دڵخۆشم بایرن بۆندی لەگەڵدا واژووکردووە و بە دڵنیاییەوە سوودی هونەری و وەرزشی دەبێت بۆمان.
دەمێکە پەیوەندیت بە بایرنەوە کردووە و تازە بوویت بە یاریزانێکی سەرەکی، چاوەڕوانی ئەوەت دەکرد؟
کە لە هاوینی 2019 لە یانەی شتوتگارتەوە پەیوەندیم بە بایرنەوە کرد، زۆرێک هەبوون پێیانوابوو دەبمە یاریزانێکی یەدەگ، چونکە منیان نەدەناسی، بەڵام من دڵنیابووم لە تواناکانم و ئەو ئاستە هاوسەنگەی پێشکەشیدەکەن بەڵگەیە لەسەر ئاستبەرزیم.
هەرگیز لەو باوەڕەدابوویت لە تەمەنی 24 ساڵیدا ئەو هەموو دەستکەوتە بەدەستبهێنیت؟
ڕاستە، تەمەنم 24 ساڵە و نازناوی مۆندیالم بەدرێسی هەڵبژاردەی فەرەنسا و نازناوی چامپیۆنزلیگم بە درێسی یانەی بایرن میونشنەوە بەدەستهێناوە، ئەوەش باوەڕپێنەکراوە، هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم.
بۆ داهاتوو ئامانجت چییە؟
ئامانجی هەمیشەییم چنینەوەی نازناوی زیاترە، بەتایبەت نازناوی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا (یورۆ) کە بڕیارە لە ساڵی 2021 لەگەڵ فەرەنسا ئەنجامیبدەم، من کەسێکی تینووم بۆ نازناوە بە کۆمەڵ و تاکە کەسییەکان، لەبەرئەوەیە پەیوەندیم بە یانەیەکی گەورە و مێژوویی وەک بایرنەوە کردووە.