46 كۆچبەر كە لەناو بارهەڵگرێكدا گیانیان لەدەستداوە، لە ویلایەتی تەكساسی ئەمریكا دۆزرانەوە.
پۆلیسی ئەمریكا دەڵێت، ئەو كەسانەی تۆمەتبارن و هۆكاربوون بۆ مردنی كۆچبەرەكان دەستگیركراون و ئەو كۆچبەرانەی لە ژیاندا ماون گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، 46 كۆچبەریش گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی كەناڵی “ABC”ی ئەمریكی، 16 كۆچبەر كە چواریان منداڵن لەناو بارهەڵگرەكەدا تەندروستییان تێكچووە و براون بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.
دەسەڵاتدارانی سان ئەنتۆنیۆ ئەو ناوچەیەی بارهەڵگرەكەی لێدۆزراوەتەوە دەڵێن، بارهەڵگرەكە شیاونەبووە بۆ گواستنەوەی مرۆڤ، نە ئاوی تیادا بووە و نە ئامێری ساردكەرەوە.
بارهەڵگرەكە لە جۆری داخراوە و بەپێی میدیای ئەمریكی كە لێدوانی لە لایەنی پەیوەندیدار وەرگرتووە، سەرنشینەكان بەهۆی نەبوونی هەوا و تەنگەنەفەسییەوە گیانیان لەدەستداوە.