لەپێناو ژینگەدا هۆڵەندا ژمارەی گەشتە ئاسمانییەكان كەمدەكاتەوە

هۆڵەندا سووربوونی خۆی لەسەر كەمكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی ئەمستردامی پایتەخت ڕاگەیاند و هۆكارەكەشی بۆ پیسبوونی دەنگ دەگەڕێنێتەوە.

بەپێی بڕیارەكە ژمارەی گەشتەكان لە فڕۆكەخانەی سخیبۆل-ی ئەمستردام-ی پایتەخت بۆ 440 هەزار لە ساڵێكدا كەمدەكرێتەوە، لەبەرامبەر 500 هەزار گەشتی بەر لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا.

حكومەتی هۆڵەندا لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، كاری لەپێشینە دەداتە پرسی “پیسبوونی ژینگەی دەنگ” و دانیبەوەشدا نا كە بڕیارەكە پەیامێكی دژوارە بۆ كەرتی فڕۆكەوانی.

لە پەیامێكیشدا بۆ پەرلەمانی وڵاتەكەی ڕوونیكردەوە، كەمكردنەوەی جوڵە ئاسمانییەكان كە بڕیارە لە تشرینی دووەمی ساڵی داهاتووەوە دەستپێبكات بەهەمان شێوە دەبێتە هۆی “كەمبوونەوەی پیسبوونی ژینگەی دەنگ و سنووردانان بۆ دەردانی دووانە ئۆكسیدی كاربۆن و نایترۆجین”.

پێشتر دانیشتووانی ناوچەی دەوروبەری فڕۆكەخانەی سخیبۆل، كە ناوچەیەكی چڕی دانیشتووان نشینە، ناڕەزایی خۆیان دەربڕی لە پیسبوونی دەنگ بەهۆی فڕۆكەخانەكەوە، ترسی خۆیشیان نیشاندا لەبارەی كاریگەریی فڕۆكەوانی لەسەر تەندروستییان، سروشت و ئاووهەوا.

بەپێی ڕاپۆرتێك كە ئەمساڵ لەلایەن لقی ئەوروپای ئەنجومەنی فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكان بڵاوكرایوە، فڕۆكەخانەكەی پایتەختی هۆڵەندا پلەی یەكەمی سەر ئاستی ئەوروپای بەدەستهێنا لەڕووی هێڵە ئاسمانییە ڕاستەوخۆكان.

بابەتی پێشتر

حاڵەتی "لەناکاوی تەندروستیی جیهانی" ڕادەگەیەنرێت؟.. تەندروستیی جیهانی بڕیاریدا

بابەتی دواتر

حزبوڵا ناسنامەی هێرشكارانی سەر كێڵگەی كۆرمۆر ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share