كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی ڕایگەیاند، لە هێرشە مووشەكییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر دوو كارمەندیان بە سووكی بریندار بوون.
كۆمپانیای دانەغاز، لە ڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی دوێنێی سەر كێڵگەی كۆرمۆر ڕایگەیاندووە، “دوو كارمەندمان بەسوكیی برینداربوون، بەڵام لە ئێستادا گەڕاونەتەوە سەر كار”.
باسی لەوەشكردووە، هێرشەكە، هیچ زەرەر و زیانێكی نەبووە، بۆیە كارەكانیان بەردەوامە.
دوێنێ بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای دژەتیرۆر ڕایگەیاند، كاتژمێر 4:45 خولەكی پاشنیوەڕۆ كاتیۆشایەك لە شوێنێكی نادیارەوە ئاراستەی كێڵگەی كۆرمۆر كراوە.
باسی لەوەشكردبوو، “هێرشەكە ھیچ زیانێكی گیانی نەبووە و ھێزەكانمان سەرقاڵی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەن لەو ڕووداوە و لەداھاتوودا وردەكاریی زیاتر بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بڵاودەكەینەوە”.