شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە بەغداد كۆبوونەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە كە پێكهاتووە لە فەریق ڕوكن عیسا عوزێر سوپاسالاری هێزەكانی پێشمەرگە و لیوا قارەمان جێگری سوپاسالار و چەند فەرماندەیەكی تری هێزەكانی پێشمەرگە سەردانی بەغدادیان كرد و لە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لەگەڵ فەریقی یەكەم عەبدلئەمیر شمەری جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكاندا كۆبوونەوە.
ڕاگەیەندراوێكی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق دەڵێت، ئامانجی سەردانەكە بەرزكردنەوەی ئاستی هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازییە لەنێوان ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و هێزەكانی پێشمەرگە و كاركردنە بە گیانی یەك تیم لەپێناو بەگژداچوونەوەی داعش و بەدیهێنانی سەقامگیری.
لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، جەبار یاوەر فەریقی یەكەمی خانەنشین و شارەزای كاروباری سەربازی ڕایگەیاند، كۆبوونەوەكە بۆ بەهێزكردنی كاری هاوبەشە لە ناوچە دابڕاوەكان و پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنیی ئەو ناوچانەیە.
وتیشی، ئامانجێكی تری سەردان و كۆبوونەوەكانی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەغداد، تاوتوێكردنی پرسی دوو لیوا هاوبەشەكەی پێشمەرگە و سوپای عێراقە كە هەموو كاروبارەكانیان تەواوبوون و دوای تەرخانكردنی بودجە، بارەگا و شوێنەكان لە ناوچە دابڕاوەكان دەكرێنەوە.