هەفتەیەك لەمەوپێش هەڵوەشاندنەوەی ئەو گەشتەی بڕیاربوو كۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ ڕواندا بگوازێتەوە پرسی گەرمی جیهان بوو، یەكێك لەو كۆچبەرانە كە گەنجێكی خەڵكی سلێمانی-یە باس لە ساتی بەر لە هەوڵی گواستنەوە و ناچاركردنیان بۆناو فڕۆكەكە دەكات.
بەرهەم كە گەنجێكی كوردە و بەشێوەی نایاسایی خۆی گەیاندووەتە بەریتانیا، وردەكاریی چیرۆكە دژوارەكەیان و بەكارهێنانی هێز لە دژیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەریتانیاوە لەگەڵ شەش كەسی دیكەدا بۆ ئەوەی ناچار بە سەركەوتنە ناو فڕۆكەكەیان بكەن دەگێڕێتەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس لەزاری بەرهەم حەمەعەلی (تەمەن 25 ساڵ) كە خەڵكی قەزای سەیدسادق-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی-یە دەڵێت، “دۆخی ئابوری لە هەرێم خراپە و بێكاری بڵاوبووەتەوە”.
ئەو لەڕێی توركیا و دواتریش فەرەنساوە گەیشتووەتە شانشینی یەكگرتوو، بەدرێژایی گەشتە دوورودرێژەكەی ڕووبەڕووی “مەترسی” بووەتەوە جگەلە خەرجكردنی نزیكەی 15 هەزار دۆلار.
ڕاستەوخۆ پاش گەیشتنی لە 23ی ئایار، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا گواستویاننەتەوە بۆ كامپ، “دوو ڕۆژ لەوێ مامەوە، دواتر نامەیەكیان پێداین و داوایان لێكردین پارێزەر دیاریبكەین بۆ قسەكردن لەگەڵیدا و داواكردنی مافی مانەوە”.
وتیشی، “دواتر گواستیانینەوە بۆ كامپی كۆلنبرۆك تایبەت بە كۆچبەران”، كە دەكەوێتە نزیك فڕۆكەخانەی هیسرۆ لە لەندەن. ئەوەشی وت، “لە 3ی حوزەیران بلیتی گەشتكردنیان بۆ ڕواندا پێدام، دواتر لەگەڵ شەش كۆچبەری دیكەدا گوازراینەوە بۆ فڕۆكەخانە”.
بەبێ ویستی خۆی، بەرهەم یەكێك بووە لەو گروپە كۆچبەرەی حكومەتەكەی بۆریس جۆنسۆن-ی سەرۆك وەزیران دەیویست لە وڵاتەكەی بیانگوێزێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی كیشوەری ئەفریقا.
لە 14ی حوزەیران فڕۆكەكە لە فڕۆكەخانەی سەربازیی بەریتانیاوە ئامادەبوو بۆ فڕین بەرەو ڕواندا. گەنجە كوردەكە وتی، “حەوت كۆچبەر بووین، هەر یەكێكمان بە چوار پاسەوان گەمارۆدرابووین و بەزۆر كردیانینە فڕۆكەكەوە”. وتیشی، “هەموومان دەگریاین، ڕووبەڕووی ئازاری دەروونی و جەستەیی بووینەوە”.
شەش كۆچبەرەكەی دیكە “كوردێكی دیكەی سلێمانی، دوو كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ئێرانییەك، ڤێتنامییەك و ئەلبانییەك بوون” بەپێی گێڕانەوەی بەرهەم حەمەعەلی.
دوای ئەوەی چوونە فڕۆكەكەوە “گەشتەكە هەڵوەشێندرایەوە و گەڕاندینیانەوە ئەو كامپەی لێی بووین”.
بڕیاربوو یەكەم گەشت بۆ گواستنەوەی كۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ ڕواندا ئەنجامبدرێت، بەڵام هەڵوەشێندرایەوە پاش بڕیارێك كە لە ساتەكانی كۆتاییدا لەلایەن دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ دەرچوو.
هەفتەیەك بەسەر ئەو “سەركێشییەدا” تێپەڕبووە، بەرهەم نازانێت چی بەسەردێت، بەڵام دەڵێت، “داوای مانەوە لە بەریتانیا دەكەم”.
ئەوەشی وت، “داوای مانەوەمان لە شانشینی یەكگرتوو كرد بەهۆی ئەوەی ژیانمان پارێزراو نییە، ئێستاش دەیانەوێت بمانگوازنەوە بۆ وڵاتێك كە شەڕ لەناویبردووە” بە دەنگێكی لەرزۆكەوە وتی، “دەترسم لە كۆتاییدا بمانگوازنەوە بۆ ڕواندا، ئەمە بۆ ئێمە مردنە”.
لای خۆیەوە حكومەتی بەریتانیا دەڵێت، ئامانج لە پلانەكەی كە بریتییە لە ناردنی داواكارانی مافی مانەوە ئەوانەی بەشێوەی نایاسایی دەگەنە خاكەكەی بۆ ڕواندا، كە زیاتر لە شەش هەزار كیلۆمەتر دوورە، سنووردانانە بۆ قاچاخچێتی لەڕێی دەریای مانش-ەوە.