هەنگاوێكی باش و كوالێتییەكی خراپ
داوا لە سامانە سروشتییەكان دەكرێت ڕێنماییەكی خۆی جێبەجێبكات

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێدانی نەوت بە پاڵاوگەكان بۆ دابینكردنی بەنزین لە ناوخۆدا بە هەنگاوێكی باش ناودەبات، بەڵام سەبارەت بە كوالێتییەكەی ڕەخنەی هەیە و داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكات ڕێنماییەكی خۆی لەبارەی كوالێتی جێبەجێ بكات.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا تایبەت بە پرسی بەنزین، كێشە و گیروگرفتەكانی پەیوەندیدار بە نرخ و كوالێتی.

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەی ئەنجومەنەكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا چەند پێشنیارێكمان بۆ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەرزكردەوە تایبەت بەو بەنزینەی بە پاڵپشتیی حكومەت دابەشدەكرێت.

لە یەكێك لە پێشنیارەكاندا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوایكردووە كار بە یاسا بەركارەكانی هەرێم تایبەت بە نەوت و وزە بكرێت، بەتایبەت یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007 و پێكهێنانی كۆمپانیا بۆ پاڵاوتنی نەوتی هەرێمی كوردستان، كەریم عەلی وای وت.

ڕوونیشیكردەوە، جگە لەوە داوایانكردووە، كۆنتڕۆڵی نرخ بكرێت، بڕی پێدانی نەوتی خاو بە پاڵاوگەكان زیادبكرێت، كوالێتیەكەی باش بكرێت و نرخەكەی كەمبكرێتەوە.

ئەندامەكەی ئەنجومەن ئەوەشی خستەڕوو، داواشیان كردووە ڕێنمایی خودی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە كوالێتییەكەدا جێبەجێ بكرێت كە ئۆكتانی 92ە، لەكاتێكدا ئەم بەنزینەی ئێستا بەپێی بەدواداچوونەكانی ئەوان كوالێتییەكەی لەنێوان 89 بۆ 90دایە.

دەربارەی ئەوەی خراپیی كوالێتیی ئەو بەنزینەی ئێستا كێ لێی بەرپرسە وەزارەت یان پاڵاوگەكان؟ كەریم عەلی وتی، “پێشتر ئەگەر هەر گرفتێك هەبووایە لە كوالێتی بەنزین دەمانوت بازرگانەكانە و لە ئەستۆی ئەواندایە، بەڵام ئێستا حكومەتی هەرێم خۆی سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیە دەكات، بۆیە هەر گرفتێك دروستبێت لەم بابەتەدا حكومەت بەرپرسی یەكەمە هەم بۆ كوالێتی هەم بۆ بڕەكەی و بۆ نرخەكەشی”.

سەبارەت بەوەی ئایا لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا كێشەی كوالێتیی بەنزینەكە كە بەشێك لە شۆفێران باسیدەكەن چاودێریی كراوە ئەندامەكەی ئەنجومەن ڕوونیكردەوە، بەنزینەكە لە پاڵاوگەكان و لە خەزان و لە وێستگەكەش پشكنینی بۆ دەكرێت، لەو پشكنینانەدا ئەوەی ئەوان بینیویانە لە ڕووی بوونی غاز و بوونی ماددەی بەنز (سەرچاوەی شێرپەنجە) باش بووە، بەتایبەت ماددەی بەنز لەخوار ستانداردەوە بوو.

ئەوەشی وت، بەڵام تەنها لەڕووی ئۆكتانەوە پێدەچێت چەند پلەیەك گرفتی هەبێت، دەنا گرفتێكی ئەوتۆی نییە كە شایانی ئەوە بێت ڕەتیبكەیتەوە، ئەوەندەی ئەوان لە پشكنینەكاندا بینیویانە.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دووپاتیشیكردەوە، پێدانی نەوتی خاو بە پاڵاوگەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە چەندین ساڵە داوای دەكەن و هەنگاوێكی گرنگە، ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە كە هەمووان هاوكاربن بۆ چ جێگیركردنی، چ ئەگەر كەموكوڕی هەبوو و هەر كەسێك هەستیپێكرد لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداربكاتەوە.

بابەتی پێشتر

"هەموومان دەگریاین".. كۆچبەرێكی كورد چیرۆكی هەڵوەشانەوەی گواستنەوەیان بۆ ڕواندا دەگێڕێتەوە

بابەتی دواتر

پارتی پۆستێكی نوێ وەردەگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڕانیە.. گەنجێك بە چەقۆ برینداركرا

بەهۆی دروستبوونی شەڕ گەنجێك لە ڕانیە برینداربوو، پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێت، برینەكەی سەختە و تۆمەتبار ڕوداوەكەش دەستگیركراوە. بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی…
Total
0
Share