چەكدارانی (دەستەی تەحریری شام) بە هەماهەنگی لەگەڵ بزوتنەوەی (ئەحرار شام) چەند گوندێك لە عەفرین كۆنتڕۆڵدەكەن.
بەپێی میدیا ناوخۆییەكان، چەكدارانی گروپەكە (بەرەی نوسڕەی پێشوو) هەریەك لە باسوتە، ناوچەكانی جندریس و گوندەكانی مەحمەدیە، غەزاویە، قرزیحل و عێن دارە-یان كۆنتڕۆڵكردووە.
شەڕ و پەلامارەكانی گروپەكە لە درەنگانی شەوی ڕابردووەوە دەستیپێكردووە دوای گەیشتنی كاروانی چەكدارانی هەردوو گروپی دەستەی تەحریر و ئەحرار شام وەك ئەوەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردووەتەوە و بەپێی میدیاكان قورسترین پێكدادان لە گوندی قرزیحل بووە.
میدیاكان لە زاری سەرچاوە ناوخۆییەكانەوە ڕایگەیاند، دەستەی تەحریر كۆنتڕۆڵی باشوور و ڕۆژئاوای عەفرینی كردووە و بەپێی وتەی ئەوان، ژیان بەتەواوی لە عەفرین وەستاوە.
هاوكات پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێكی دیكە پێكدادان لەنێوان چەكدارانی بەرەی شامی و دەستەی تەحریر لە دەوروبەری هەردوو گوندی (قرزیحل و عەین دارە)ی سەر بە ناحیەی شیراوا لە دەوروبەری شاری عەفرین سەریهەڵداوەتەوە.
هەروەها باس لە بوونی كوژراو و بریندار دەكرێت لە ڕیزی هەردوولا.