زیادبوونی حاڵەتەكانی سكچوون شاندێكی تەندروستیی عێراقی گەیاندە سلێمانی

دوای زیادبوونی حاڵەتەكانی سكچوون لە سلێمانی، شاندێكی وەزارەتی تەندروستیی عێراق گەیشتە سلێمانی و هەڵسەنگاندنی بۆ ڕێوشوێنە پەیڕەوكراوەكان كرد.

ماوەی چەند ڕۆژێكە تووشبوون بە نەخۆشیی سكچوون لە سلێمانی زیادیكردووە، بەپێی دوایین ئامارەكان لەماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا چوار هەزار كەس لە نەخۆشخانەكان هێڵدراونەتەوە.

پشكنینی بەشێك لە تووشبووان ڕەوانەی بەغداد كراون بەمەبەستی دڵنیابوون لەوەی ئایا حاڵەتەكە تەنها سكچوونە، یاخود كۆلێرا.

لەو چێوەیەدا شاندێكی وەزارەتی تەندروستیی عێراق گەیشتە سلێمانی.

د. سینان غازی مەهدی بەڕێوەبەری سەنتەری كۆنتڕۆڵی نەخۆشییە گوازراوەكان سەر بە وەزارەتی تەندروستیی عێراق و ئەندامی شاندەكە لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، تاوتوێی ئەو ڕێوشوێنانە كرا لە فەرمانگەی تەندروستی جێبەجێدەكرێن. چەندین ڕێوشوێن هەن كە لەلایەن فەرمانگەی تەندروستیی سلێمانییەوە جێبەجێكراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پاڵپشتەكان لە پارێزگاكە. چەند ڕێوشوێنێكی گەورە لەو نەخۆشخانانەی تایبەتن بە چاودێریی حاڵەتەكانی سكچوونی قورس جێبەجێكراون.

وتیشی، “بوونی كارمەندی پێویست و ڕاهێنراو و ڕێوشوێنەكان و فەراهەمكردنی كاروباری لۆجیستی كە هاوڵاتیی پێویستییەتی لە سلێمانی و ئەو نەخۆشەی سەردانی ئەو نەخۆشخانانە دەكات هەن”.

بەرپرسەكەی تەندروستیی عێراق هیوای ئەوەی خواست هاوڵاتییان لە سلێمانی هەماهەنگ بن لەگەڵ فەرمانگەی تەندروستی و پابەندی ئەو ڕێنماییانە بن كە لەلایەن فەرمانگەی تەندروستی بەشێوەی فەرمی بڵاودەكرێتەوە و، گوێ بەو دەنگۆیانە نەدەن كە لێرە و لەوێ بڵاودەكرێنەوە، تا پارێزگا و وڵات بتوانن كۆنتڕۆڵی حاڵەتە زۆرەكانی سكچوون بكەن كە لە پارێزگاكەدا هەن.

دووپاتیشیكردەوە، هەماهەنگی هاوڵاتی و پابەندبوون بە ڕێنماییەكان دەبێتەهۆی كەمبوونەوەی ئەرك لەسەر خودی هاوڵاتی بە پلەی یەكەم و، ئەرك و قورسایی لەسەر پارێزگا و فەرمانگەی تەندروستی.

بابەتی پێشتر

هەشت کەس لە سلێمانی بە سکچوون و ڕشانەوە گیانیان لەدەستداوە

بابەتی دواتر

دابەشكردنی بەنزینە 800 دینارییەكە لە هەولێر ڕاگیرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share