سەپاندنی سزا بەسەر ڕوسیادا، كاریگەریی لەسەر كەرتی خۆراك لە ئەوروپا هەیە، لە ئەڵمانیا و بەریتانیا خۆراك گرانبووە.
بەو پێیەی ڕوسیا و ئۆكرانیا دوو هەناردەكاری سەرەكیی گەنم و شیرەمەنین، ئەو خۆراكانەی بەرهەمهێنانیان پشت بە دانەوێڵە و گەنم دەبەستێت، وەك گۆشتی مریشك، نان و هەویرەمەنییەكان لە ئەوروپا كەمبوونەتەوە و نرخەكانیان بەرزبووەتەوە، هۆكارەكەشی كەمبوونەوەی هەناردەكردنی گەنم و خۆراكەكانی ترە لەلایەن ڕوسیا و ئۆكرانیاوە بۆ خۆرئاوای ئەوروپا.
ڕۆژنامەی گاردیان دەڵێت، “پێشبینیدەكرێت هاوینی ئەمساڵ نرخی خۆراك لە بەریتانیا بە ڕێژەی 15% بەرزببێتەوە و ئەوەش بەرزترین نرخە لە ماوەی 20 ساڵدا”.
لێكۆڵینەوەیەكی ئاژانسی پێوەرەكانی خۆراك لە بەریتانیا ئاشكرایكرد، نرخی خۆراك مایەی نیگەرانیی 76%ی بەریتانییەكانە، 22%یشیان دەستبەرداری ژەمێكی خواردن بوون یاخود ژەمەكانیان بچووككردووەتەوە و كەمخۆریی دەكەن چونكە توانای دابینكردنی تێچووەكەیان نییە.
كاریگەریی قەیرانی خۆراك تەنها لەسەر بەریتانییەكان دەرنەكەوتووە. بەپێی میدیای ئەڵمانیا، بەشێك لە خەڵكی ئەڵمانیا پەنا بۆ بانكەكانی خۆراك دەبەن لەپێناو بەدەستخستنی خۆراك بە خۆڕایی و بەمدواییانە ژمارەی بانكەكانی خۆراك لەو وڵاتەدا زیادیانكردووە.