بەڕێوەبەری گەنجینەی یەك لە سلێمانی ڕوونكردنەوە لەبارەی دابەشكردنی مووچەی مانگی حوزەیران بەر لە جەژنی قوربان دەدات و بەپێی زانیارییەكان چاوەڕواندەكرێت بەر لە جەژنی قوربان مووچەی چەند وەزارەتێك بدرێت.
حەسەن ڕەشید، بەڕێوەبەری گەنجینەی یەك لە سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ” تا 25ی ئەم مانگە مووچەی مانگی پێنج دابەشدەكرێت و بە فەرمی لە دابەشكردنی مووچەی مانگی حوزەیران ئاگادارنەكراوینەتەوە، بەڵام بەشێكی فەرمانگەكان لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانیان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینە كردووە و بەشێكی زۆری فەرمانگەكان لیستی مووچەیان تەواو نەكردووە”.
بەپێی زانیارییەكان كە بە تۆڕی میدیایی ئێستا دراون، بەو پێیەی جەژنی قوربانی ئەمساڵ دەكەوێتە 9 بۆ 10ی مانگی تەمموزەوە چاوەڕواندكرێت مووچەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵی بەشێك لە وەزارەتەكان بەر لە جەژن دابەشبكرێت و بەشێكی دیكەی وەزارەت و دەستەكان پێدانی مووچەكەیان بكەوێتە دوای جەژنی قوربانەوە.