وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشكرایكرد، لە هەر 20 خوولەكێكدا كەسێك بەهۆی جگەرەكێشان و كاریگەرییەكانییەوە دەمرێت.
عەباس جابر ساحب بەڕێوەبەری بەشی بەرەنگاربوونەوەی توتن لە وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، بەپێی ئامارەكان لە هەر 20 خوولەكێكدا كەسێكی عێراقی بەهۆی جگەرەكێشانەوە دەمرێت و عێراقییەكان ڕۆژانە دوو ملیار دینار دەدەن بە جگەرە.
وتیشی، بەپێی ئاماری ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، 1.3 ملیار جگەرەكێش لە جیهاندا هەن و 80%یان لە وڵاتانی تازە گەشەسەندوودان، ساڵانە هەشت ملیۆن كەس بەهۆی جگەرەكێشانەوە دەمرن.
ڕیاز حەلفی بەڕێوەبەری تەندروستیی گشتی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، یاسای بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان پێویستی بە هەمواركردنەوەیە و لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیدا كاردەكەن بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی جگەرەكێشان.
هاوكاتی ئەم ئامارە، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی پلانی هەیە ژمارەی جگەرەكێشەكانی عێراق بۆ 30% كەمبكاتەوە.