جێگری سەرۆک وەزیران سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد سەبارەت بە هەمواری یاسای خانەنشینی و بڕیاردرا یاساکە بە جۆرێک هەمواربکرێتەوە کارمەندانی کەرتی تایبەتیش بە هەمان شێوەی کارمەندانی کەرتی گشتی خانەنشین بکرێن.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و نوسینگەی ئابوریی سەرۆک وەزیران بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، یاسای خانەنشینی دەبێت بە جۆرێک هەمواربکرێتەوە لەگەڵ پێویستییەکانی سەردەم و ڕەوتی گەشەکردنی کەرتی تایبەتدا بگونجێت.
جەختی لەوەش کردەوە، هەمواری یاسای خانەنشینی دەبێت لە چێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتدا بێت سەبارەت بە هاوتاکردنی ماف و ئیمتیازاتی کارمەندانی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی، ئەمەش لەلایەکەوە یارمەتیدەر دەبێت لە گەشەکردن و بەهێزبوونی کەرتی تایبەت و زیادکردنی هەلی کار و لەلایەکی دیکەشەوە هاندەر دەبێت بۆ هاوڵاتییان لەبری ئەوەی تەنها چاوەڕوانی دامەزراندن لە حکومەت بکەن، بە هەمان ئیمتیازاتی کەرتی گشتی دەتوانن لە کەرتی تایبەت دابمەزرێن.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوەشکرایەوە کە دەبێت پڕۆژەی هەمواری یاساکە بە جۆرێک ئامادەبکرێت کە قابیلی جێبەجێکردن بێت و لەگەڵ بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوریی هەرێمی کوردستان بگونجێت.
جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی هەوڵەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی هەمواری یاساکە و بڕیاریشدرا لە هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەکان لەم بارەیەوە بەردەوام بن تاکو هەمواری یاساکە تەواودەکرێت.