چێوەی هەماهەنگی ڕایدەگەیەنێت، ڕێز لە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی فراكسیۆنی سەدر دەگرێت و دەشڵێت، هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی دەنێن.
چێوەی هەماهەنگی دوابەدوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەمڕۆی لە ڕاگەیەندراوێكدا دووپاتیكردەوە، بەردەوامدەبێت لە هەنگاوە پێویستەكان بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی و هەنگاونان بۆ وتوێژ لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەكان بۆ تەواوكردنی شایستە دەستوورییەكان و پێكهێنانی حكومەتی خزمەتگوزاریی نیشتمانی.
بۆ ئەو هەنگاوە هیواخوازی نیشاندەدات كە هاوشانی سەرجەم هێزە سیاسییەكان بوایە لەگەڵ ئەوەشدا “ڕێز لە بڕیاری فراكسیۆنی سەدر دەگرێت دەربارەی دەستلەكاركێشانەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران”.
چێوەی هەماهەنگی جەختیشیدەكاتەوە، درێژە بەكاركردن لەگەڵ هەمووان دەدات بەجۆرێك زامنی بەشداریی بەرفراوان بكات و خواست و هیواكانی گەل لە ئاسایش و سەقامگیری و ژیانی شكۆمەندانە بهێنێتەدی و، ڕۆڵ و پێگەی عێراق لە ناوچەكە و جیهان بچەسپێنێت.
دوێنێ پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران، لەسەر ڕاسپاردەی موقتەدا سەدر دەستیان لە كاری پەرلەمانتاری كێشایەوە و محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەستلەكاركێشانەوەكانیانی پەسەندكرد.
بڕیارەكە لە گۆڕەپانی سیاسی و شەقامی عێراقیدا دڵەڕواكێی دروستكرد، ئەمە جگە لەوەی ناڕوونی و ئاڵۆزییەكانی پێكهێنانی حكومەتیشی زیاتركرد.