بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە، بەپێی پێشبینییەکان ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکان تاوەبارانی پچڕ پچڕ دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان لەنێوان ساماڵ و نیمچەهەور دەبێت لەناوچە شاخاوییەکان هەندێک کات بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت لەگەڵ ئەگەری تاوەبارانی کەمی پچڕ پچڕ زیاتر لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری خۆرهەڵاتی هەرێم.
هەروەها پلەکانی گەرما بۆ ئەمڕۆ لەناوچەکانی باکوور( شاخاوییەکان) بەڕێژەیەکی بەرچاو(3-4) پلە، لەناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری هەرێم بەڕێژەیەکی کەمتر (1-2) پلە نزمدەبێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەینێ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی پەڵەهەوری جیا جیا، پلەکانی گەرماش نزیکدەبێت لە ڕۆژانی پێشوو.