بۆچی زەوی و هەسارەكان خڕن؟

بۆچی ئاوی زەریاکان بە ڕووی زەوییەوە نوساون و بە بۆشایی ئاسماندا بڵاونابنەوە؟

بۆچی زەوی و مانگ و هەسارەكانی دیكە خڕ و گۆیین، بەڵام هەسارۆچكە و كلكدار و بەردە نەیزەكەكان خڕ نین، گەردونناسێكی كورد وەڵامەكەی ڕووندەكاتەوە.

لوقمان حەوێز گەردونناسی كورد دەڵێت، یەکێک لە هێزە هەرە گرنگ و کاریگەرەکان لە گەردوون هێزی کێشکردنە، هێزی کێشکردن یەکێکە لە ڕەفتارەکانی هەموو تەن و ماددە و بارستەکان لە گەردووندا هەرچەندە بارستە و قەبارەکانیشیان بچوک بێت.

حەوێز، كە ئەندامی كۆمەڵەی گەردونناسی تەكساس-ە، دەشڵێت، هێزی کێشکردنی هەر تۆپەڵە بارستەیەکی جیا لە گەردوون بە بەردەوام هەوڵدەدات هەموو گەردیلەکانی ئەو بارستەیە لە هەموو ڕووەکانیەوە بەرەو چەقەکەی ڕابکێشێت و بەرەو ئەوێیان ببات، ئەگەر تەنەکە واتە هەسارەکە یان مانگەکە بەردینی و ڕەقیش بوو و لە کانزاکانیش پێکهاتبوو، هەروەها تیرەکەی لە نزیکەی 600 کیلۆمەتر یان بەسەرەوە بوو، ئەوا بڕ و کاریگەریی هێزی کێشکردنەکەی ئەوەندە زۆر دەبێت تا ڕادەیەک شێوەی ئەو بارستە یان ئەو تەنە خڕ و گۆیی دەکات، ئەگەر ئەو تەنە لە ئاوی بەستوو یان گازی ميسانی بەستووی ڕەق پێکهاتبوو کە ڕەقییەکەی کەمترە لە بەرد و کانزاکان، ئەوا پێویستە تیرەکەی لانیکەم نزیکەی 400 کیلۆمەتر بێت یان زیاتر بۆئەوەی شێوەکەی گۆیی و خڕ بێت.

ئەگەر بارستە و تەنێکیش شل بێت وەکو ئاو بۆ نمونە، بارستە و قەبارەکەی هەرچەندە بچوک بێت یان زۆر بێت ئەوا شێوەی نیمچە گۆیی وەردەگرێت لە بۆشایی ئاسمان، ئەم تاقیکردنەوە چەند جارێک لەسەر بڕێکی بچوکی ئاو ئەنجامدراوە لەناو وێستگەی ئاسمانی لە بۆشایی ئاسمان کە هێزی کێشکردنی زەوی لەوێدا زۆر زۆر کەمە، بڕە ئاوەکە بە بەردەوامی لە تاقیکردنەوەکان شێوەیەکی خڕ و گۆیی وەردەگرێت، ئەو گەردونناسە وادەڵێت.

ئاشكراشیدەكات، هەسارۆچکە و کلکدارەکان تیرەکانیان زۆر کەمترە لەبەر ئەوە هێزی کێشکردنیان بە بەراورد ئەوەندە زۆر نییە و ناگاتە ڕادەیەک شێوەکانیان خڕ و گۆیی لێبکات، بۆیەش هەسارۆچکەک، کلکدار و بەردە نەیزەکەکان شێوەی ناڕێک و جیاوازیان هەیە.

ئەم لێکدانەوەیە زانستیە بۆ ئەستێرەکانیش ڕاستە، هەر بۆیەش ئەستێرەکانیش هەموویان خڕ و گۆیین، وەك ئەوەی لوقمان حەوێز دەیڵێت.

ئاماژەشدەدات، بۆ نمونە هێزی کێشکردنی زەوی هەموو گەردیلەکانی هەسارەی زەوی و ئەو تەنانەی کە لەسەر ڕووی زەویشن بەرەو چەقەکەی ڕادەکێشێت، کاتێک بەردێک دەهاوێژین بۆ ئاسمان زەوی بەردەکە ڕادەکێشێتەوە بەرەو چەقی گۆی زەوی بۆیە لە ئاسمانەوە دێتەوە خوارەوە، لەبەر ئەوەی ڕووی زەوی ڕەقە دەکەوێتە سەر ڕووەکەی و وەکو ئەوەیە پێوەی بنوسێت، بەهەمان شێوە هێزی کێشکردنی گۆی زەوی، ئێمە و خانووەکان و ئۆتۆمبێلەکان و هەتا شاخەکان و هەموو تەنەکانی سەر ڕووی زەوی لەسەر ڕووەکەی جێگیرکردوە، وەکو ئەوە وایە ئێمە و هەموو ئەو تەنانە بە گۆی زەوییەوە نوسابین…

دووپاتیشیدەكاتەوە، بەهەمان شێوە هەموو ئاوی زەریاکان بەزەوییەوە نوساون و لەسەر ڕووەکەی جێگیربوون و پەرش و بڵاونابنەوە بە بۆشایی ئاسماندا، بەرگەهەوا و گازەکانی ناو بەرگەهەواش لەبەر هەمان هۆکار بە زەوییەوە نوساون و هەوای دەوری گۆی زەوی ناڕوات بۆ بۆشایی ئاسمان.

بابەتی پێشتر

ڕیاڵ مەدرید بۆ جیسۆز: بە دوو پلان یاریت پێدەکەین

بابەتی دواتر

نانخواردنیشیان تێدایە.. 4 هۆکار بۆ ئازاری ددان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share