بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دەبێت ئاڵنگارییەکان بە گەڕانەوە بۆ دەستوور چارەسەربکرێن، جەختیشیکردەوە، شانازی بە ناسنامەی کوردیمان و مافەکانی گەلەکەمانەوە دەکەین کە دوای خەباتێکی زۆر بەدەستهاتوون.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی:
بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
لەم قۆناغەدا دەبێت دانایی، سەقامگیری و سەروەریی یاسا لە سەرووی هەموو شتێکەوە بن.
ئەو ئاڵنگارییانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕوومان دەبنەوە، ناکرێت و نابێت چارەسەربکرێن مەگەر بە گەڕانەوە بۆ دەستووری عێراق وەک چوارچێوەیەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
گفتوگۆی جددی و بونیادنەر تاکە ڕێگەیە بۆ دەستەبەرکردنی مافی هەموو هاووڵاتییان و پاراستنی ئاشتی لە تەواوی ناوچەکەدا.
لە هەمان کاتدا، سەقامگیریی ڕاستەقینە پێویستی بە لێپرسینەوەیە. بڕوایەکی چەسپاومان هەیە کە دەبێت شەفافیەت بەردی بناغەی حوکمڕانی بێت. گەندەڵی متمانەی هاووڵاتییان تێکدەدات و دامەزراوەکانمان لاواز دەکات؛ بۆیە دەبێت بە تووندی ڕووبەڕووی ببینەوە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکرێت، لە هەر کوێیەک بێت و هەر کەسێک لێی بەرپرسیار بێت.
با هەمووان بزانن کە پابەندبوونمان بە ئاشتی و گفتوگۆوە لە هێز و بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە دوودڵی. شانازی بە ناسنامەی کوردیمان و مافەکانی گەلەکەمانەوە دەکەین کە دوای خەباتێکی سەخت بەدەستهاتوون، و جەخت لە پابەندبوونی تەواومان دەکەینەوە بە پاراستنی شکۆ، خاک و پێگە دەستوورییەکەمان هەر کاتێک پێویست بکات.
لە کۆتاییدا، گەلی عێراق و هەرێمی کوردستان شایستەی ئارامی، خۆشگوزەرانی و سەرکردایەتییەکی بەرپرسیارن. پابەندبوونی چەسپاومان بە دیپلۆماسیەتی ئاشتییانە، رێزگرتنی دوولایەنە و چارەسەرە دەستوورییەکان وەک تاکە رێگە بۆ بەرەوپێشچوون، دووپات دەکەینەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان