بەرێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی داوا لە هاوڵاتییان دەکات، ئاوبەفیڕۆنەدەن تا وەرزی هاوین بەبێ كێشە بەڕێبکەن.
بەرێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “هاوینی پار سەرباری وشکەساڵی بەهاوکاری ئێوە و ماندووبوونی کارمەندە دڵسۆزەکانمان بەکەمترین کێشە بەڕێمان کرد، ئەم ساڵیش چاوەڕێی هاوکاریتانین لە بەفیڕۆنەدانی ئاوی خواردنەوە تا بەهەموومان وەرزی هاوین بەڕێبکەین”.
دەشڵێت، “کاتێک هاوڵاتییەك ئاو بەفیڕۆ دەدات، پێویستە بیری بێت چەند منداڵێکی بێ ئاو کردووە لەم وەرزی گەرمایەدا”.
بەڕێوەبەرایەتییەكە جەختی كردووەتەوە، نزیکەی دوو ملیۆن هاوڵاتی ئاو لە پڕۆژەکانی ئەوان وەردەگرێت، بەبەفیڕۆنەدانی چەند لیترێک ئاو ڕۆژانە دەبێتە گەڕاندنەوەی بڕێکی زۆری ئاو بۆ پڕۆژەکانیان.