سەربازیی زۆرەملێ بە مووچەوە دەگەڕێتەوە عێراق

ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای سەربازیی زۆرەملێ ئامادەیە و دەدرێت بە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەگەر پەسەندبكرێت، خزمەتی سەربازی بۆ گەنجان دەبێت بە ناچاری.

وەزارەتی بەرگریی عێراق، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای سەربازیی زۆرەملێی تەواوكردووە، ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەكات بۆ ئەوەی پەسەندیبكات و بینێرێتە ئەنجومەنی نوێنەران، بە پەسەندكردنی پڕۆژە یاساكە، سەربازی دەكرێت بە ئەرك بەسەر هاوڵاتییانی سەرجەم پارێزگاكانی عێراقەوە.

موزڕ كورەوی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، “مووچە دەدرێت بەو كەسانەی خزمەتی سەربازی دەكەن و سێ هۆكار بڕی مووچەكە دیاریدەكەن، ژمارەی سەربازەكان و بڕوانامەكانیان و باری ئابوریی وڵات”.

بەپێی وتەی پەرلەمانتارەكە، پڕۆژە یاساكە پەسەند دەكرێت و خزمەتی زۆرەملێی سەربازیی دەگەڕێتەوە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت، پێناچێت بەمنزیكانە ئەوە ڕووبدات و ئامادەسازییەكەی چەند ساڵێكی پێویستە، “چونكە پەیڕەوكردنی خزمەتی سەربازی، پێویستی بە سیستمی كارگێڕیی گشتگیر و بوونی سەربازگەی مەشق و ڕاهێنانە لە گشت پارێزگاكانی عێراقدا”.

پێشتر خالد عوبەیدی وەزیری پێشووتری بەرگریی عێراق، دەستپێشخەریی كردبوو سەربازیی زۆرەملێ بگەڕێتەوە و لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاندبوو، “مووچە و ئیمتیازاتی سەرباز هێندە زۆردەبن هاوڵاتی نەك لە جێبەجێكردنی ئەركەكە هەڵبێت، بەڵكو دڵخۆشبێت بەوەی ببێت بە سەرباز”.

بابەتی پێشتر

لە ڕێگەی تێکەڵەکانی ڤیتامین Eیەوە نینۆکەکانت درێژ بکە

بابەتی دواتر

لیڤەرپوڵ بە ڕۆیشتنی مانێ و کیتا بەهێزتر دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share