مەكتەبی سیاسيی یەكێتی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەوە پەیامێك بڵاودەكاتەوە و جەختدەكاتەوە كە پابەندن بە پاراستنی یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانەوە.
لە ڕاگەیەندراوێكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا هاتووە، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان و تێكۆشەرانی ڕێگەی ڕزگاری و خەباتگێڕانی ڕیزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە سڵاوێكی گەرمی هەڤاڵانەوە پیرۆزبایی ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەكێتی و (٤٦) ساڵەی دەستپێكردنەوەی شۆڕشتان لێدەكەین.
لە ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دۆخی دژواری دوای هەرەس و بۆ سەرخستنی پرۆژەی ڕزگاری و سەرفرازیی گەلی كوردستان و دابینكردنی ماف و داخوازییەكانی لەسەر بنچینەی مافی چارەنووس هاتە كۆڕی خەباتەوە و سەرۆك مام جەلال و هاوڕێ دامەزرێنەرەكانی دەستپێشخەریی مێژووییان كرد و دوای ساڵێكیش لە دامەزراندن سەدان هەزار تێكۆشەر بوونە هەوێنی دەستپێكردنی شۆڕشی نوێ و ئەم كاروانەی كە بەردەوامە ئامانجی گەورەی بەدیهێناوە و هێشتا زۆری تریش ماوە كە بەدیبهێنێت.
ئاماژە بەوەكراوە، ئەم ڕەوتە لە خەبات و قوربانیدان بە ڕێبەری سەرۆك مام جەلال و بە گیانی پیرۆزی هەزاران شەهید و ڕەنجی شانی سەدان هەزار تێكۆشەر گەیشتە قۆناغی فیدراڵی و سەرۆك مام جەلالیش بووە یەكەم سەرۆكی هەڵبژێردراوی عێراقی دیموكرات و فیدرال.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، لەكاتێكدا یادی ئەو ڕۆژە گەش و پڕ سەروەرییەی یەكێتی دەكەینەوە، ڕووداو گەلێكی زۆر لە سەر ئاستی جیهان و ناوچەكە و عیراق و كوردستان هاتۆتە ئاراوە كە وامان لێدەخوازێت یەكێتی بە ڕوانینێكی نوێیەوە ڕۆڵی كاریگەری خۆی ببینێت و ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییە نوێیەكانیش لەئەستۆ بگرێت و لەسەر ئاستی كوردستان وەك یەكێتی پابەندین بە پاراستنی یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكان تاكو ئەم كۆدەنگی و یەكگرتوویەی گەلی كوردستان بكەینە بناغەی كاری هاوبەشمان لەگەڵ لایەنە عیراقیەكاندا بۆ بەشدارییەكی كارای كورد لەپرۆسەی سیاسی، تەوافوق و شەراكەت، پاراستنی مافەكانی كورد لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا و ئەم جۆرە سیاسەتە بارودۆخی چەق بەستوو و ناهەمواری وڵات دەخاتەوە سەر ڕێچكەی ڕاست و دروستی چارەسەركردن و ڕێگە بۆ گەشەپێدانی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستانیش دەكاتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، “لەكاتێكدا یادی ئەو دوو بۆنە شكۆدارە دەكەینەوە، ئەمساڵ دیداری یەكێتی بۆ نوێبوونەوە و چاكسازیی تێكەڵ بە یادە مەزنەكەمان بووە، ئەم دیدارە لەڕێگەی بەشداری هەڤاڵان لە هەموو ئۆرگان و ناوچەكانەوە نەخشەرێیەكی نوێی كاركردن دەهێنێتە كایەوە و بە بڕیار و ڕاسپاردەكانی لەسەر هەموو ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانە دەوەستێت و ڕێگە چارەی نوێ بۆ خەباتی حزبایەتی و حوكمرانی پێشنیاز دەكات، تا پێكەوە ئەم ئەركە حزبی، دیموكراتی و نیشتمانییە سەربخەین”.
مەكتەیی سیاسیی لە پەیامەكەدا ئاماژەی بەوەشكردووە ،هەموومان دەزانین هەرێمی كوردستان بەرەو وەرزی هەڵبژاردنەكان دەڕوات و یەكێتیی پشتیوانی گەرموگوڕ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دەكات لە ڕێی پێداچوونەوە بە یاسای هەڵبژاردن و پێكهاتەی كۆمیسیۆن و پاكژكردنەوەی لیستی دەنگدەران، داواشدەكەین مشتومڕەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكان بە زمانێكی ئارام و هێمن بەڕێوەبچن. بۆ ئەوەی ئاشتی كوردستان زەمینەی پەرەپێدانی دیموكراسی و حوكمڕانی باشتر بخوڵقێنێت. بۆ ئەم مەبەستەش هەڤاڵ سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئامادەیی یەكێتی دووپاتكردەوە بۆ گفتوگۆی بونیادنەرانە لەپێناو هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد وەك لە چەند رۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند “بۆ ئەوەی گۆڕانكاریی ڕاستەقینە لە حكومڕانی كوردستان بكەین”.