ماف و ئیمتیازاتی نەوەی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە خوێندنی باڵادا هاوتای نەوەی شەهیدی سوپای عێراق كرا

لەسەر ڕاسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، نەوەی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە خوێندنی باڵادا هەمان ماف و ئیمتیازاتەكانی نەوەی شەهیدی سوپای عێراقیان دەبێت.

ماف و ئیمتیازاتەكان بریتین لە بەخشینی حەوت نمرە بە دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە ناوچە دابڕاوەكان، وەرگرتن لە خوێندنی ئێواران لە گشت زانكۆكانی عێراق بە خۆڕایی بەبێ ڕەچاوكردنی كۆنمرە و تەمەن، تەرخانكردنی 5%ی كورسیی خوێندنی باڵا (ماستەر و دكتۆرا) لەگەڵ تەرخانكردنی 10%ی پلەی وەزیفی بۆ نەوەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و شەهیدی سوپای عێراق لەكاتی دامەزراندندا.

ڕێبوار تەها، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و د. عومەر ئینجە ڕاگری كۆلێژی ئادابی زانكۆی كەركوك، ئەمڕۆ دووشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە كەركوك ناوەڕۆكی بڕیارەكانیان ئاشكراكرد و ڕایانگەیاند، لەمەودوا نەوەی شەهیدانی پێشمەرگە و ئەنفالكراوان هەمان ماف و ئیمتیازاتی شەهیدانی سوپای عێراقیان دەبێت لە خوێندنی باڵادا.

ڕێبوار تەها وتی، لەسەر ڕاسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، بەدەم داواكاریی خوێندكارانی نەوەی شەهیدانی پێشمەرگە و ئەنفالكراوانەوە چوون و لەڕێگەی دەزگای شەهیدانی عێراق و وەزارەتی خوێندنی باڵاوە، بە بڕیار داواكارییەكانی خوێندكارانیان چەسپاندووە كە خۆیان لە چوار ماف و ئیمتیازاتدا دەبیننەوە.

لەبارەی ناوەڕۆكی بڕیارەكان و ماف و ئیمتیازاتەكانەوە، د. عومەر ئینجە ڕاگری كۆلێژی ئادابی زانكۆی كەركوك ئاشكرایكرد، “خوێندكارانی نەوەی شەهیدانی پێشمەرگە و ئەنفالكراوان، لەكاتی وەرگرتنیان لە سەرجەم زانكۆكانی عێراقدا حەوت نمرە دەخرێتەسەر كۆنمرەی پۆلی 12یان، واتە گەر خوێندكارێك تێكڕای نمرەكانی 93% بێت، ئەوا 100 نمرەی تەواوی بۆ ئەژماردەكرێت”.

وتیشی، خوێندكارانی نەوەی شەهیدانی پێشمەرگە و ئەنفالكراوان، لە خوێندنی ئێواراندا بەبێ ڕەچاوكردنی كۆنمرە و تەمەن دەتوانن لە هەر زانكۆیەكی عێراق بخوێنن و كرێی خوێندنیشیان لێوەرناگیرێت و بەبێ بەرامبەر دەتوانن خوێندنی زانكۆ تەواوبكەن.

لەبارەی ماف و ئیمتیازاتی سێیەمەوە، ڕاگری كۆلێژی ئادابی زانكۆی كەركوك ئاشكرایكرد، بۆ خوێندنی ماستەر و دكتۆرا ڕێژەی 5%ی كورسییەكانی خوێندن تەرخانكراون بۆ نەوەی شەهیدان و لەمەودوا نەوەی شەهیدانی پێشمەرگە و ئەنفالكراوانیش لە هەمان ئیمتیاز سوودمەند دەبن.

ڕاشیگەیاند، لە عێراقدا ڕێژەی 10%ی دامەزراندن و پلەی وەزیفی تەرخانكراوە بۆ نەوەی شەهیدان، نەوەی شەهیدانی پێشمەرگە و ئەنفالكراوانیش هەمان مافیان دەبێت لەكاتی دامەزراندندا.

بەپێی وتەی د. عومەر ئینجە، لەكاتی هەوڵدانیان بۆ چەسپاندنی ئەو مافانەی خوێندكارانی نەوەی شەهید و ئەنفالكراواندا، لە بەغداد ڕووبەڕووی چەندین بەربەست و ئاستەنگی بوونەتەوە، بەڵام لەڕێگەی چەند دەقێكی یاساییەوە توانیویانە مافەكانی خوێندكاران بچەسپێنن.

بابەتی پێشتر

چوار سەرۆكایەتییەكە: بڕیارەکه‌ى دادگاى فيدراڵى قبوڵكراو نييه‌ و ھەرێم ده‌ست له‌ ماف و ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌ڵناگرێت

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی ئاسایش هاوكاری ئۆكرانیا دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share