سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان: ئەو 20 هەزار یەكەی دروستدەكرێن بۆ كەسانی هەژار و كەمدەرامەتن

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەو 20 هەزار یەكە نیشتەجێبوونەی دروستدەكرێن دەبێت ئەو كەسانە لێی سوودمەندبن كە 100% شایەن بن و پێشتر هیچ جۆرە قازانجێكیان لە حكومەت نەكردبێت.

محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، بیست هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەسەر شێوەی شووقە لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دروستدەكرێن، لەئێستاشدا ڕێكارەكانی دروستكردن و پێوەر و دابەشكردنیان دەستپێكراوە، بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا لەگەڵ سەرجەم فەرمانگەكانمان لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان كۆبوونەوە ئەنجامدەدەین و زەوی بۆ ئەم شووقانە دەستنیشاندەكرێن.

ئاشكرایكرد، تائێستا نرخی شووقەكان دیارینەكراون، بەڵام بێگومان هەرزان دەبن لەگەڵ پێشەكییەكی كەم بۆ ئەوەی كاریگەریی لەسەر داهاتی هاوڵاتییان نەكات و قیستێكی مانگانەی كەم و درێژخایەنیشی هەیە، بۆیە هەوڵدەدەین لە دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەباشترین كوالێتی ئەم شووقانە دروستبكرێن.

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان باسی لەوە كرد، لە هەموو ئاستەكان و لە سەنتەری شار و قەزا و ناحیەكان یەكەكان دروستدەكرێن، گفتوگۆی زۆرمان لەسەرئەو بابەتە كردووە تا بتوانین لە چەند شوێنی نزیك لە یەك ئەم شووقانە دروستبكرێن.

محەمەد شوكری ئەوەشی ئاشكراكرد، “لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بابەتی تەرخانكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون بە ڕێژەی 5٪ یان 10٪ بۆ پێشمەرگە، خاوەن پێداویستی تایبەت و بنەماڵەی شەهیدان تاوتوێكراون بۆ ئەوەی لە پڕۆژەكانی دەستەی وەبەرهێنان پڕۆژەی نیشتەجێبوون، ببێتە بەشێك لە بڕیارەكان و لە مەرجەكان و بێگومان هەوڵی بۆ دەدەین بەپێی توانا ئەم بابەتە جێبەجێبكرێن”.

بابەتی پێشتر

میدیاکان بۆ تین هاگ: کۆپی پەیستی میلان بکە

بابەتی دواتر

دادگای فیدراڵی وەڵامی سەرۆك كۆمار دەداتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share