سەدر لە نەیارەكانی تووڕەیە
عێراق-تان پڕكردووە لە دزی و ڕفاندن و كوشتن

دوای شكستهێنانی لە پێكهێنانی حكومەت، سەدر تووڕەیە و هێرشێكی توندی كردەسەر لایەنە شیعییەكانی تر و بە “دز و پیاوكوژ” ناویاندەبات.

لە وتارێكی ڤیدیۆییدا كە كەمێك لەمەوبەر بڵاوكرایەوە، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر هێرشیكردەسەر لایەنە شیعییەكانی تر و تۆمەتباریكردن بەوەی نەیانهێشتووە حكومەت پێكبهێنێت.

شەوی دوێنێ یەكشەممە سەدر پەیامێكی لە تویتەر بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “بۆ ماوەی 30 ڕۆژ دەبین بە ئۆپۆزسیۆن” و هۆكارەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە شكستیهێناوە لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە.

لە وتارەكەی ئەمڕۆیدا ڕێبەری ڕەوتی سەدر وتی، “سێیەكی پەكخەر شەرمە، كار گەیشتووە بە ڕادەی پەكخستنی ئەو یاسایانەی خزمەتی گەل دەكەن، ئەوان گەل بە ئامانج دەگرن و دەیانەوێت كڕنۆشیان پێببەن”.

سەدر ڕوو لە سەركردەكانی تری لایەنە شیعییەكان ڕایگەیاند، “بەهۆی ئەم دۆخەوە حكومەتی زۆرینە پێكنەهێنراوە كە سوودی بۆ گەل هەبێت و حكومەتی ئێستاش ناتوانێت خزمەتی گەل بكات و سوودی پێبگەیەنێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە ئەوان دادگا بەكاردەهێنن بۆ سەرخستنی سێیەكی پەكخەر و ڕێگریكردن لەوەی سەدر و هاوپەیمانەكانی حكومەت پێكبهێنن.

لە كۆتایی وتارەكەیدا موقتەدا سەدر تووڕەیی و بێزاریی خۆی نیشاندا لەوەی “مەترسیی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و زاڵكردنی میلیشیاكان و پاشكۆیەتی كە عێراق-یان پڕكردووە لە دزی و ڕفاندن و كوشتن” بەسەر دۆخی سیاسیدا زاڵبوون و وتی، “زۆرینەی سیاسییەكانی عێراق بوون بە نموونەی گەندەڵی و نەنگی”.

دووپاتیشیكردەوە كە جارێكی تر عێراق ناگەڕێننەوە بۆ “سەردەمی پشكپشكێنە و گەندەڵی و تەوافوق”.

بابەتی پێشتر

مباپێ و ڕیاڵ مەدرید گەیشتوون بە ڕێککەوتن

بابەتی دواتر

دادگا دۆستێكی بارزانیی لە ئەنجومەنی نوێنەران دوورخستەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share