دووەم گەورە وڵاتی بەرهەمهێنەری گەنم لە جیهاندا هەناردەكردنی ئەو دانەوێڵەیەی بۆ دەرەوەی وڵاتەكەی ڕاگرت بەمەبەستی پارێزگاریكردن لە ئاسایشی خۆراك.
سانتۆش كۆمار سارانجی بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیی دەرەكی لە هندستان بڕیاری قەدەغەكردنی هەناردەكەی واژووكرد و ئاماژەی بە “بەرزبوونەوەی لەناكاو”ی نرخی گەنم لە جیهاندا كرد كە هندستان و وڵاتانی دیكە ڕووبەڕووی مەترسی دەكاتەوە، بەپێی ئەو بڕیارەی ڕۆژی هەینی لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاوكرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەكان سەرەڕای ئەوەی هندستان دووەم گەورە بەرهەمهێنەری گەنمە لە جیهاندا، بەڵام زۆرینەی بەرهەمەكەی بەكاردەبات.
پێشتر هندستان ئامانجێكی دیاریكردبوو بۆ هەناردەكردنی 10 ملیۆن تۆن گەنم لەماوەی ساڵانی 2022 تا 2023، زۆرینەیان بۆ ئیندۆنیسیا، فلیپین و تایلەند.
بەرهەمی گەنم لە هندستان گرفتاری بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەكانی گەرما بوو، هەروەك ئەمبارەكانی ڕووبەڕووی فشار بووەوە بەهۆی بەخۆرایی دابەشكردنی گەنم لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنادا.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی گەنم لە جیهاندا بە زیاتر لە 40% بەرزبووەتەوە.
هێرشی سەربازیی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا كە لە 24ی شوباتی ڕابردووەوە دەستیپێكردووە، كاریگەری لەسەر چالاكییە كشتوكاڵییەكانی ئەو وڵاتە دروستكردووە كە بەر لەو شەڕە چوارەم گەورە سەرچاوەی جیهانیی گەنمەشامی بوو و نزیكبوو لەوەی ببێتە سێیەم گەورە هەناردەكاری گەنم.
بەرزبوونەوەی نرخ و كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی خۆراك هەڕەشەی مەترسیی برسێتی و بارگرژیی كۆمەڵایەتی لێدەكرێت، بەتایبەت لە وڵاتانی هەژار و ئەوانەدا كە پێداویستییەكانیان لە دانەوێڵە لە دەرەوە هاوردەدەكەن.