سەرۆكی توركیا پاڵپشتی وەرگرتنی سوید لە هاوپەیمانیی ناتۆ ناكات و بە هەڵە ناویدەبات.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ڕایگەیاند، “هەڵەیە” گەر ڕێگەبدرێت سوید و فینلەندا بچنە ناو هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ)وە.
بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس ئەردۆغان پێیوانییە ئەندامبوونی ئەو وڵاتانە سوودبەخش بێت بۆ تورکیا و دەڵێت، “وڵاتانی ئەسكەندەناڤی لانەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانن”.
داواكاری سوید یان فنلەندا بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ دەبێت لەلایەن تورکیاوە پەسەندبکرێت، کە یەکێكە لە 30 وڵاتەكەی ئەندامی هاوپەیمانێتییەكە.
هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی پێشبینی دەكات هەریەك لە فنلەندا و سوید لە ڕۆژانی داهاتوودا داواكاری بۆ چوونەپاڵ هاوپەیمانییەكە پێشكەشبكەن و بەخێراییش ئەندامێتییان پێبدرێت.
پێشبینی دەكرێت ڕاستاندنی ئەندامێتیی هەریەك لە فنلەندا و سوید لەماوەی ساڵێكدا ئەنجامبدرێت، لەوماوەیەشدا هاوپەیمانیی ناتۆ بوونی لە باكووری ئەوروپا پەرەپێدەدات و ژمارەی نمایشە سەربازییەكانی زیاددەكات.
سەرەڕای ئەوەش، چاوەڕوان دەكرێت لەو ماوەیەدا هێزەكانی ئەمریكا و بەریتانیا لەسەر خاكی هەردوو وڵاتەكەدا بوونیان هەبێت.