گەندەڵیی پارێزگارێكی سەر بە (ڕزگاركردنی نیشتمان) هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەكەی سەدر و بارزانی و حەلبووسی ئاشكرابووە و یەكێك لە سەركردەكانیان مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتییەكە دەخاتەڕوو.
مشعان جبوری، سەركردە لە هاوپەیمانیی سەروەری ڕایگەیاند، ئەو دۆسێیانەی عەمار جەبر پارێزگاری سەڵاحەدین ئاشكرایكردوون، گەندەڵییەكی ئەحمەد جبوری (ئەبو مازن)یان دەرخستووە كە بردنی تریلیۆنێك و 60 ملیار دیناری پارەی خەڵكە.
لە تویتێكدا مشعان جبوری هۆشداری داوە لە هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیی سێقۆڵیی سەدر و بارزانی و حەلبووسی و نووسیویەتی، “ئەگەر هاوپەیمانیی ڕزگاركردنی نیشتمان بگلێتە بەئامانجگرتنی پارێزگاری ئەنبار یان لەكار لایبدات، ئەوا بێگومان من و چەندین سەركردەی تر لە هاوپەیمانێتییەكە دەكشێینەوە و ئەوەش دەبێتە دەستپێكی چەندین جیابوونەوەی گەورە لە ڕیزەكانی هاوپەیمانیی سەروەری” كە نوێنەرایەتیی سوننەكان دەكات لە هاوپەیمانیی ڕزگاركردنی نیشتمانی سەدر و بارزانی و حەلبووسی-دا.
مشعان جبوری دۆسیەیەكی تری پارێزگاری ئەنباری ئاشكراكردووە كە مافی دەرهێنانی نەوتی داوە بە كۆمپانیایەكی سویدی كە خاوەنەكەی ئیسرائیلییە و “ئەوەش پێچەوانەی دەستوورە”.
دەشڵێت، لە كۆبوونەوەكەی دووشەممەی هاوپەیمانیی ڕزگاركردنی نیشتمان-دا كە لە هەولێر بەڕێوەچوو، یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانیی سەروەری لە بری ئەوەی داوای دەركردنی تۆمەتبارە گەندەڵەكە (پارێزگاری ئەنبار) بكات، داوایكردووە پارێزگاری سەڵاحەدین لەكارلاببرێت.