سكرتێری پارتی سۆسیال دیموكرات وتەكانی ئەمدواییەی وەزیری نەوتی عێراق بە هاوشێوەی قسەی ڕژێمەكانی پێشوو ناودەبات و داوادەكات هەرێمی كوردستان نەوتەكەی ڕادەستنەكات.
محەمەد حاجی مەحمود سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان دەربارەی لێدوانەكەی ڕۆژی شەممەی ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو جۆرە قسە و هەڵسوکەوتە، ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقمان بیردەخاتەوە، بە تایبەتی ڕژێمی سەدام حسێن و حزبی بەعس، بەڵام لە ڕژێمێکی لاواز ڕەنگە ئەم وەزیرە لە ژورەکەی خۆشیدا نەتوانێ بڕیارەکانی جێبەجێ بکات.
دەربارەی ئەو هەڵوێستانەی لەناوخۆی كوردستان هەن لەسەر ڕادەستكردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم بە بەغداد محەمەد حاجی مەحمود لە نوسینێكدا لە گوڵەخانەوە دەڵێت، “هەندێک دەنگی ناساز بە ناوی ڕۆژنامەنووسەوە ئاو بە ئاشی دوژمندا دەکەن وەک تابوری پێنج باسی گەڕانەوە بۆ عێراق” دەكەن.
دووپاتیشیدەكاتەوە، نە دادگا دادگایە و نە بڕیاریش جێبەجێدەکرێت، چونکە کورد ناگەڕێتەوە چوارچێوەی سفر، کورد دەبێت هەنگاوی دیكە بنێت بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای کورد و کوردستان.
بە بڕوای سكرتێری پارتی سۆسیال دیموكرات “کورد دەبێت لەسەر نەوت و غازی هەرێم بەردەوام بێت، نابێت پاشەکشە بکات و دەبێت جوابی توندی هەر کەس و لایەنێک بداتەوە کە ئەو مەسەلەیە باسدەکەن” چونکە وەك ئەو دەڵێت، دەستووری عێراق مافی بە کورد داوە و دادگا و هەر کەسێکی دیکە ناتوانێ هیچ بڕیارێکی لەو بابەتە بدات.
محەمەد حاجی مەحمود لە نوسینەكەیدا بەهیچ جۆرێك باس لەو دۆخە ئابورییە دژوارە ناكات كە بەسەر مووچەخۆران و كەرتی خزمەتگوزاری لە هەرێم دوای سەربەخۆ هەناردەكردنی نەوت هاتووە و لە كۆتاییشدا دەڵێت، هەر لایەنێک و لایەنی پەیوەندیدار بۆی نییە سازش لەسەر مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان بکات، هەر هەنگاوێک خیانەتە لە مێژوو لە کورد و قەوارەی سیاسیی ئێستا و داهاتوو.