مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان، 24 کاتژمێر دیاریدەكەن بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان و هەڕەشەی خۆپیشاندان و بایكۆتكردنی پرۆسەی خوێندن دەكەن.
لە پەیامێكدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانی سلێمانی و پۆلیتەکنیکی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان ڕایانگەیاند، “خۆپیشاندانی فراوان لەبەردەم كەمپی زانكۆکان ئەنجامدەدەین لەبەر پێنەدانی مووچەی مانگی سێ”.
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئەو زانكۆیانە هەڕەشەی بایکۆتكردنی سەرتاسەری دەکەن و هۆكارەكەی وەك خۆیان دەڵێن، “دواكەوتنی مووچە و سووکایەتیكردنە بە زانکۆکانمان”.
لە درێژەی پەیامەكەیاندا مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانی سلێمانی و پۆلیتەکنیکی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان، داوادەکەن هەردوو وەزیری خوێندنی باڵا و دارایی لە حکومەتی هەرێم لە ماوەی 24 کاتژمێردا وەڵامی داواکارییەکانیان بدەنەوە، “ئەگەرنا ئەوا ئەوان و لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەت و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسدەبن لە پەکخستنی پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکاندا”.