دەستەی باڵای حەج و عەمرەی عێراق چەند بڕیار و ڕێنماییەكی لەبارەی حەجی ئەمساڵەوە دەركرد.
ڕاگەیەندراوێك كە دەستەی باڵای حەج و عەمرەی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردەوە، دەڵێت، بەپێی نوێترین بڕیاری لایەنە پەیوەندیدارەكانی سعودیە، لەدایكبووانی 1 – 2 – 3ی تەمووزی 1957 و پێشتر دەتوانن لە وەرزی ئەمساڵی حەجكردن سوودمەندببن و پاسپۆرتەكانیان لێوەردەگیرێن بۆ ئەوەی مامەڵەكانیان بۆ تەواوبكرێن.
دەستەكە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتووی وەك دوایین وادە دیاریكردووە بۆ ڕادەستكردنی پاسپۆرتەكانی ئەو كەسانەی نیازی حەجكردنیان هەیە و لە تیروپشكی ساڵانی 2020 و 2021دا ناویان هاتووەتەوە و دەڵێت، هەر كەسێك لە كاتی دیاریكراودا سەردان نەكات، حەجكردنەكەی بۆ ساڵی 2023 دوادەخرێت.
لەبارەی ڕێنماییە تەندروستییەكانی سعودیە بۆ حاجیان، دەستەی باڵای حەج و عەمرەی عێراق ئاشكرایكردووە، دەبێت ئەوانەی گەشتی حەج دەكەن دوو ژەمیان لە ڤاكسینەكانی فایزەر، ئەسترازینیكا، سینۆفارم، سپوتنیك وەرگرتبێت جگە لە ڤاكسینی جۆنسن كە یەك ژەمە.