ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: دۆخی شەنگال ئارامە و “كۆتایی بە زیادەڕۆییەكان ‏هێنراوە”‏

دوای سەردانی بەرپرسە سەربازییەكانی عێراق بۆ شەنگال، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دڵنیایی لە ئارامیی دۆخی قەزاكە دەدات.

ئەمڕۆ شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنیی عێراق بە سەرۆكایەتیی عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری سوپای عێراق و عەبدولئەمیر شەمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان گەیشتنە شنگال.

دوای سەردانەكە، تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی عێراق ڕایگەیاند، یارەڵڵا و شەمەری “ڕێنمایی ڕوونیان دابوو لەبارەی سەپاندنی ئاسایش و ئارامی لە شەنگال”.

وتەبێژەكەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان دەڵێت، لەئێستادا شەنگال ئارامە و هیچ دیاردەیەكی چەكداریی تێدا نەماوە، جگە لە پۆلیس و سوپا، بەوتەی خۆی، “هەندێك لایەن ویستوویانە ڕێگە سەرەكییەكان دابخەن، بەڵام كۆتایی بەو زیادەڕۆییانە هێنراوە”.

چەند ڕۆژێكە لە شەنگال گرژی و پێكدادان لەنێوان هێزەكانی بەرخۆدانی شەنگال – یەبەشە و سوپای عێراق دروستبوو، بەهۆیەوە قوربانی لە هەردوولا كەوتەوە.

عێراق داوای لە یەبەشە كردووە چەند ناوچەیەك چۆڵبكات، بەڵام ئەو هێزە، كە لە كوردانی ئێزدی پێكهاتوون، ڕەتیانكردەوە ناوچەكانی خۆیان چۆڵبكەن.

ئەوەی گومانی زیاتری لەبارەی هێرشەكانی عێراقەوە دروستكردووە، هاوكاتییەتی لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا لە خاكی باشووری كوردستان.

بابەتی پێشتر

ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان: لە هەرێمی کوردستان هیچ ڕۆژنامەنووسێک پارێزراو نییە

بابەتی دواتر

لە "تۆڵەکردنەوەدا".. پوتین بڕیارێکی توند دژ بە وڵاتانی خۆرئاوا واژوودەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share