بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنییەی چەند ڕۆژێکە قەزای شەنگالی گرتووەتەوە و بەهۆی هێرشی سوپای عێراق بۆسەر ناوچەكە، شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق سەردانی قەزاکەی کرد.
بەیانیی ئەمڕۆ عەبدولئەمیر یارەڵڵا سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق و عەبدولئەمیر شەمەری جێگری فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بەسەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای سەربازیی گەیشتنە قەزای شەنگال، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخی ئەمنیی شارەکە دوای پێکدادانەکانی نێوان سوپای عێراق و یەبەشە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال – یەبەشە بەردەوامە، بەوهۆیەوە لەناو هێزەکانی هەردوولادا قوربانی هەن.
حکومەتی عێراق داوای چۆڵکردنی شەنگال دەکات لەلایەن یەبەشەوە، یەکینەکانی بەرخودانی شەنگالیش ڕەتیدەکاتەوە ناوچەكە چۆڵبکەن، بەو پێیەی هێزەكانیان لە خەڵكە ڕەسەنەكەی ناوچەكەن و هەروەها لە شەڕی داعشدا شەنگال و ئێزدییەكانیان پاراستووە.
لە 9ی تشرینی یەکەمی 2020دا هەولێر و بەغداد ڕێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال، ڕێککەوتنەکە سەبارەت بە لایەنی ئەمنی و ئیداریی و خزمەتگوزارییەکانی قەزاکەیە.