بەرپرسی پێشووی پاراستنی پارتی: خەڵك ڕقیان لە فەرمانڕەوابوو لەناو قەڵاش پارێزراو نابێت

بەرپرسی پێشووی پاراستنی پارتی ڕایدەگەیەنێت، بەڕێوەبردنی وڵات كارێكی ئاسان نییە و دەڵێت، “خەڵك ڕقیان لە فەرمانڕەوابوو لەناو قەڵاش پارێزراو نابێت”.

نەزهەت حالی، بەرپرسی پێشووی پاراستنی پارتی لە نوێترین نووسینیدا دەربارەی دۆخی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە “فەرمانڕەوایي و بەڕێوەبردنی وڵات كارێكی ئاسان نییە، بە تایبەت كە گرفت و كێشەكان زۆربن وەكو بارودۆخی ئێستای هەرێم، كە ئاڵنگاری سیاسی، سەربازی و ئەمنی، ئابووری و كۆمەڵایەتی فرە ڕەهەند ڕووی لە وڵاتەكەمان كردووە، بەڵام ڕەنگە لاوازیی متمانەی خەڵك و ڕقی خەڵك لە دەسەڵات هەڕەشەی هەرە مەزن بێت”.

ئاماژەی بەوە كردووە، “باشترین قەڵا بۆ پاراستنی فەرمانڕەوا ئەوەیە كە خەڵك ڕقی لێی نەبێتەوە، گەر فەرمانڕەوا خاوەنی قەڵای ڕاستەقینەش بێت مادام خەڵك دژی بن و ڕقیان لێی ببێتەوە لەناو قەڵاش پارێزراو نابێت”.

نەزت حالی نووسویەتی،”هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی هەستیاری پەیوەندیی نێوان پارتە سیاسییەكان، حكومەت و خەڵك، هەرێم و بەغداد، تێدەپەڕێت، پەیوەندیی لایەنە سیاسیەكان و نێوان دەسەڵات و خەڵكیش جێگای سەرنجدانی جدی و هەڵوەستە لەسەر كردنە”.

بەرپرسی پێشووی پاراستنی پارتی دەڵێت، “بە تێكەڵكردنی كاری حكومی و گشتی بە كاری حزبی و كەسی و بازرگانی، كێشەكان قوڵتربوون، هەروەها لە لایەكیتر هەندێك لە ڕۆشنبیران و سیاسیەكان مەترسییان لە چوون بەرەو سیستمی تۆتالیتاری و تاكڕەوی هەیە”.

بابەتی پێشتر

مارسیلۆ: دەمەوێت تا كۆتایی ژیانم لە ڕیاڵ مەدرید بم

بابەتی دواتر

بەغداد دوو گرفتی هاوڵاتییانی هەرێم چارەسەر دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئۆتۆمبێلێك بوو بە دوو بەشەوە

لە رووداوێكی هاتوچۆدا شۆفێرێك گیانیلەدەستدا دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەكەی بوو بە دوو بەشەوە. پەیامنێرمان پێی راگەیاندین، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر…
Total
0
Share