قه‌رزی 15 تا 100 ملیۆن دیناری ده‌درێت به‌ هاوڵاتییانی هه‌رێم

قەرز بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەی بچووك دەدرێت بە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان، قەرزەكە جوتیاران و دەرچووانی كشتوكاڵ و ڤێتێرنەری دەگرێتەوە و لە 15 ملیۆن دینارەوە دەستپێدەكات و تا 100 ملیۆن دینار دەبێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە ئاشكرایكرد، قەرزی 15 ملیۆن دیناری تا 100 ملیۆن دیناری دەدرێت و دوای شەش مانگی یەکەمی سوومەندبوونی لێی، دەستدەكرێتەوە بە وەرگرتنەوەی و لە ماوەی یەك ساڵ تا پێنج ساڵ قەرزەكە دەدرێتەوە.

بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتەكە، یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ بانکی (القرطاس الإسلامي) واژووكراوە بە مەبەستی دابینکردنی قەرزی بانکی و پاڵپشتیی پڕۆژەکانی جوتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری و دەڵێت، خاوەن بیرۆکە پێویستی بە (کەفیل)ـێک دەبێت بۆ بانکی ناوبراو کە فەرمانبەری حکومەت بێت.

مەرجەكانی وەرگرتنی قەرزەكە وەك وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشكرایكردوون:-

1- وەرگرتنی مامەڵەی جوتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری ئەوانەی کە خوازیارن سوودمەندبن بە مەبەستی دامەزراندنی پڕۆژەی بچووک و مامناوەند و بەرزکردنەوەی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی لە دیوانی وەزارەت.

2- پشتگیریی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمان لەگەڵ سەرجەم بەراییەکانی تایبەت بە پڕۆژەکە هاوپێچ دەکرێن، بە مەبەستی هەڵسەنگاندن و پەسەندکردن و ئاراستەکردنیان بۆ بانکی ناوبراو.

3- خاوەن بیرۆکە پێویستی بە (کەفیل)ێک دەبێت بۆ بانکی ناوبراو کە فەرمانبەری حکومەت بێت .

4- بڕی قەرزەکە لە (15,000,000 تا  100,000,000) پانزە ملیۆن دەستپێدەکات تاوەکو سەد ملیۆن دیناری عێراقی، بە گوێرەی ئاستی پڕۆژەکە، لە ماوەی (1 ساڵ تا 5 ساڵ) قەرزەکە دەدرێتەوە و لە دوای شەش مانگی یەکەمی سوومەندبوونی قەرزەکە.

5- کاری وەزارەتمان تەنها هەڵسەنگاندن و پەسەندکردن و پشتگیری و چاودێریی پڕۆژەکانە لەڕووی هونەری و پێشخستن و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ جوتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری.

6- سەرجەم ڕێکارە کردارییەکان وەکو (یاسایی و دارایی و کارگێری) لە بانک یەکلاییدەکرێنەوە لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەندروستیی سلێمانی: مانگی رابردوو نزیکەی 23هەزار منداڵ لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان بینراون

تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، مانگی رابردوو 22,859 منداڵ لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان بینراون. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی،…
Total
0
Share